ڕۆژنامەی ئابووری ئێبرار بەپێی ئامارەکانی ناوەندی فەرمیی ئاماری ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووتەوە کە لە ماوەی ٢٧ مانگی هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسیدا نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی ئێراندا ٣١٩ لەسەد بەرز بووەتەوە و لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، تەماتە یەکێک لەو بەرهەمە خۆراکییانە بووە کە زۆرترین هەڵاوسانی هەبووە و نرخەکەی بەپێی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ و مانگانە ٦٩ بۆ ١٥٦ لەسەد لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرز بووەتەوە.
نرخی تەماتە وەک هەموو پێداویستییەکانی دیکە لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە، بەپێی ئامارەکان نرخی یەک کیلۆ تەماتە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ٢٦ هەزار تمەنەوە بۆ ٥٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و لە هەندێک لە شارە گەورەکاندا وەکوو تاران، بە ٧٠ هەزار تمەنیش بە هاووڵاتیان فرۆشراوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە دەستپێکی هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا، نرخی یەک کیلۆ تەماتە ٨ هەتا ٩ هەزار تمەن بووە.
بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و تەندرووستیی خەڵک داناوە و بە هۆی گرانییەوە بەشێکی هەرە زۆری خواردنەکان لە خشتەی خواردنی ڕۆژانەی هاوڵاتییاندا نەماون.