ئاماری فەرمیی ناوەندی تۆمارکردنی باری کەسێتیی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان نیشان دەدات کە ڕێژەی جیابوونەوە لەم پارێزگایە ڕوو لە زیادبوونە و ڕێژەی هاوسەرگیریش بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
حوسێن نەزەری، جێگری تۆمارکردنی باری کەسێتیی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ٩ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ١١ هەزار و ٦١١ حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ١٠٥ حاڵەت کەمبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەر لەم ماوە زەمەنییەدا، ٣ هەزار و ٨٩٨ جیابوونەوە لە کرماشان تۆمار کراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٦٤١ حاڵەت زیاتر بووەتەوە.
بەپێی ئەم ئامارە، ڕادەی هاوسەرگیری بە جیابوونەوە لە پارێزگای کرماشان، ٢.٥ ڕاگەیەندراوە کە بەم پێیە لە هەر ٢.٥ هاوسەرگیری، یەک دانەیان بە جیابوونەوە کۆتایی پێ دێت.
شایانی باسە کە ڕێژەی لەدایکبوون لە کرماشان، ڕوو لە کەمبوونەوەیە و لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٧ هەزار و ٦٢١ منداڵ لەدایک بوونە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، هەر لەو ماوە زەمەنییەدا، ٥١١ حاڵەت کەمی کردووە.