دوابەدوای جێبەجێکرانی سزای نامرۆڤانەی لێدانی ٧٤ قامچی بۆ ڕۆیا حێشمەتی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران بەهۆی لابردنی سەرپۆش، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم دۆسییەی ئەمنییەتیی بۆ ئەم هاووڵاتییە کردووەتەوە.
پاش ئەوەی کە ڕۆیا حێشمەتی لە فەیسبووکەکەی خۆیدا، شێوازی جێبەجێکرانی سزای ٧٤ قامچیی بۆ بەردەنگەکانی خۆی گێڕایەوە، میدیاکانی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی دۆسییەیەکی ئەمنییەتییان دژی ناوبراو کردووەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لێدانی ٧٤ قامچی بۆ ڕۆیا حێشمەتی دوای بانگکرانی ناوبراو بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.
ناوبراو بەهاری ئەمساڵ لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی بەبێ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ لە ئوتوبانی کشاوەرزی تاران، سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ قامچی و سێ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵاتی بەسەردا سەپێندرابوو.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ئیدیعای کردووە کە حێشمەتی کارمەندی شیرکەتێکە کە بنکەکەی لە ئەمریکایە و لە دوورەوە لەگەڵیان کار دەکات و پرۆژەی تایبەتیان بۆ ئەنجام دەدات.
لە پیشتوانی لە ڕۆیا حیشمەتی زۆرێک لە ژنان و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا پشتیوانییان لە ڕۆیا حێشمەتی کرد و بە بڵاوکردنەوەی چیرۆک و وێنەکانی بەتوندی بە گژی کۆماری ئیسلامیدا چوونەوە.