کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا لە هەوڵدایە پێش بە چڕبوونەوەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێت

11:46 - 18 بەفرانبار 2723

لە درێژەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە چڕبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەفەرێکی پێنج ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێکردووە.

ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار لە ئۆردۆن و قەتەرەوە سەفەرەکەی دەست پێکردووە تاکوو لە چەند دانیشتنێکی دیپلۆماتیکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکە، پێش بە پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێت.

بلینکێن بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پاش دانیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێمارات و عەرەبستان، سەردانی ئیسرائیل بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە قەتەر ڕایگەیاند لە ئێستادا گرژییەکی گەورە لە پێش ناوچەکەیە و دەتوانێت پەرە بسێنێت و ببێتە هۆی نائارامی و زیانی زیاتر.

بلینکێن بە هۆشداریدان بە ئیسرائیل زیادی کرد پێویستە کە ئیسرائیل بۆ پێشگرتن لە زیان بە خەڵکی مرۆیی، هەوڵێکی زیاتر بدات و ڕێگە بە خەڵکی غەززە بدات کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.

مەلەک عەبدوڵڵای دووهەم پاشای ئۆردۆن، داوای لە بلینکێن کرد تاکوو ئەمریکا بۆ گەیشتن بە گرێبەستێکی دەستبەجێ، گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە  تاکوو بە هەموو ئامانجەکانیان نەگەن، شەڕ ڕاناگرن.

نێتانیاهوو وتی: تا لەنێوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان و هەروەها لەنێوبردنی مەترسییەکان لەلایەن غەززەوە بۆ ئیسرائیل، شەڕ بەردەوام دەبێت.

هەروەها دانیەل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەرتەش لە باکووری غەززە، بە لەنێوبردنی ژێرخانەکانی گرووپی تێرۆریستیی حەماس، بە تەواوی ئەنجام بووە.