کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی کوردپا: کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٧٩٩ کەسی لە سێدارە داوە

12:28 - 18 بەفرانبار 2723

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا ڕاپۆرتێکی ئاماریی سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدران لە ساڵی ٢٠٢٣، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدران لە ساڵی ٢٠٢٣دا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢، ٣١ لەسەد بەرزبوونەوەی بووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: جیبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا، ٦٨ لەسەد بەرز بووەتەوە و لەو نێوانەشدا جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی کورد، ٧١ لەسەد و جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی بەلووچ ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هەروەها زیاتر لە ٨٨ لەسەدی لەسێدارەدرانەکان لەلایەن میدیاکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراون.

کوردپا لە ئاماژەیەک بە وردەکاریی لەسێدارەدرانەکان ڕایگەیاندووە کە ٧٧٩ حاڵەتی سزای لەسێدارەدران لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە.

لەم نێوانەدا ١٦٧ کەس بەلووچ، ١١١ کەس کورد، ٢٣ کەس ئەفغانستانی، ٢ کەس عەرەب، ٢ کەس تورک و ٢ کەس تورکمەن بوون و هەروەها ٢ کەس لە لەسێدارەدراوان منداڵ بوون و ١٨  کەس لە لەسێدارەدراون ژن بوون.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی لەسێدارەدراوان لەم ڕاپۆرەتە ئامارییەدا بوم شێوەیە هاتووە:

زیندانیی سیاسی ١٩ حاڵەت، زیندانیی عەقیدەتی٣ حاڵەت، تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر ٤١٨ حاڵەت، کوشتن ٢٤٧ حاڵەت، دەستدرێژی سێکسی، ٢٧ حاڵەت، موحاربە و افساد فی الارض ٥ حاڵەت، افساد فی الارض، ٥ حاڵەت، موحاربە لە ڕێگەی دزیکردنی چەکدارانە ٤ حاڵەت، موحاربە و کوشتنی بەئەنقەست ٣ حاڵەت، زنای کەسی خێزاندار، ١ حاڵەت قاچاخی ئینسان، ١ حاڵەت، و لەسێدارەدران بە هۆکاری نادیار ٧ حاڵەت.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا، سزای لەسێدارەدانی وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیستماتیکی جیابیران و دژبەرانی خۆی بەکار هێناوە و ڕێژەی لەسێدرەدراوانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.