کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەیوانی وەتەن و زارای نیشتمان، دووانەی ئیرادەن لەبۆ گشتمان

12:52 - 18 بەفرانبار 2723

شەریف فەلاح

لە کاتێکدا دۆخی زەبروزەنگ و سەرکوت، زیندان و سێدارە، ترس و تۆقاندنی دوژمنی خوێنمژ بەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا زاڵە. لە کاتێکدا ژیان خەریکە دەخنکێ و ئەستێرە کزکز لە سریوە کەوتوە و باڵندە فڕینی لەبیر چۆتەوە و ئاسمان بۆتە قەڵەمڕەوی یاسای داڵ و لە هەرێمی دیوان هیچ ئاهەنگێکی شادی نایەتە گوێ. لە هەرێمی عەشق و جوانی، لە بناری ئاویەری سەربەرز دوو ئەوینداری هەرێمی هەڵفڕین لە شەقەی باڵ دەدەن و باوەشی ئەوین، ئیرادە و هیوا بۆ یەکدی دەکەنەوە. سەیوانی وەتەن و زارای نیشتمان، ئێستە ئیدی تەنیا دوو مامۆستا و وانەبێژی زمان نیین، بەڵکوو دوو باڵوێزی ئیرادەی کوردبوون و ناسنامەی نەتەوەییمانن.

ئەگەر بە چاوی دڵ و ڕوح لەو وێنەیە ڕامێنن تەنیا وێنەیکی لۆکاڵیی کرچ و کاڵی ڕۆژانە نییە، بەڵکوو مرۆڤی وردبین و خاڵئەنگێو دەتوانێ مانا شاراوەکانی پشت ئەو وێنەیە وەدۆزێ. وێنەیەک تژی لە ئیرادە، دوو ئەوینداری باڵابەرز، دوو دڵداری سەر پڕ لە سەودا دوو ئاشق لە ڕەگەزی مەم و زین و خەج و سیامەند، دوو خۆشەویستی هاوڕێبازی شیرین و فەرهاد، دوو شەنگەسواری هاوسەفەری ناسر و ماڵماڵ لە قاپێکدا دەرکەوتوون. بە باوەشێکی ئاوەڵا و بزەی پڕ لە خۆزگە و هیوای سەر لێوانەوە، هەموو خەون و خولیای دوژمن دەکەنە بڵقی سەر ئاو. لەو دیمەنە هەست‌بزوێنەدا ئەو دوو ئەویندارە سەربەرزەکەی ئێمە بە هەنگاوی ئیرادە لەسەر شەقام و بەپێی خۆیان ڕێگەیەک دەپێون، هەم دوژمنیان بەچۆکدا هێناوە و هەم ئەوەی ترس و شڵەژان لە گرتن بێت لە ڕوخساریاندا بەدی ناکرێت. ئەو دیمەنە ناوازەیە وانەی هەرمانیی گەلێکە، ئەو وێنەیە ئاوێنەی باڵانوێنی خەباتی ڕەوای میللەتێکە کە لە مێژوویدا ترس و چۆکدادان و مل کەچ بوون بۆ ویستی دوژمن واتای نەبووە.

هەنگاوە بە بڕشتەکانی زارای پێشەنگ کە زیندان و مەرگ‌دۆستیی دوژمنی هێنایە سەر چۆک، کۆڵنەدان و پشوو درێژییەکانی و پابەندبوون بە باوەڕ و خەونە شیرینەکانی بوونە هۆی ئەوەی کە لە کاتی بەڕێکردنی هاوسەرە وەفادارەکەی سەیواندا بۆ زیندان، قورس و قایمتر لە جاران و بە سەری بەرز و ڕووی سوورەوە دەربکەون و بێ ترس و سڵەمینەوە دیسان ئامێز بۆ یەکدی بکەنەوە. ئەوان بە سرتەوە بە گوێی یەکیاندا چرپاند: کە هەتا گەیشتن بە تروپکی بەرزی ئاوات، هەین ودەمێنین و چۆک دانادەین، بەڵام گەل و جەماوەری تینووی ئازادی، شەقامی ڕاساوی ڕۆژهەڵاتی بریندار، ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی وشیار گوێیان لێ بوو و دووپاتیان کردەوە: لەگەڵتانین، هاودەنگ و هاوسۆزی وتە و چرپەی ئەویندارانەی هەر ڕۆژتانین. هەنگاوتان پتەو ئەی شۆڕەسوارانی ژینەژانی کەسکی نیشتمان.

ئێوە بڕوان، ئێوە خۆزگەن، ئێوەن ئاسۆگی ژیان. ئێوە ڕۆڵەی کاروانێکی سەوداسەری تا کەشکەڵان تژی لە ئیرادەن کە وانەی بوێری و کۆڵنەدان لە سمکۆی مەزن فێر بوون. ئێوە قوتابیی مەکتەبەکەی کۆماری هەرمانن کە پێشەوای مەزن فێری کردوون سێدارە بەچۆکدا بێنن و ترس لەگۆڕ بنێن و سەربەرزانە بچنە سەردار و چۆکتان نەلەرزێ، هەتا دوژمن بە سەربەرزیتان سەری نەوی بکات. باڵای ئیرادەتان چەشنی قەندیلە، ئاگری جامەدانیی ملی سەیوانی لەسەر ناوە و ئاربەبا لفکەی سۆرانیی کراسە شینەکەی زارای کردۆتە چۆپی گۆڤەندی ئازادی. پووزەوانەی نەبەردیتان لە چۆمی سیروان هەڵکێشاوە و گادەر و سەیمەڕە و کەڵوێ دەبنە وەشتەبارانی زەماوەندی نەمریتان، ئەی دوو دڵدارە ئازیزەکەی ڕۆژهەڵات، هەڵکشێن بۆ هەڵەمووتی ئیرادە. قەڵەمی دەستتان یادگاری هەژار و هێمنی پێشەنگە و ڕەوت و شێوەی وانەتان، لە قوتابخانەکەی مامۆستا شەریفی سنە بۆ بەجێ ماوە، بۆیە ئێستاش لەسەر تەختەڕەشی قوتابخانە بە یادگار ماوە و نووسراوە:

ئا وێنەی ئازادی

ئاڵای ئاوات و شادی

کاف وێنەی کوردستان

کورد و کۆمەڵ و کوێستان

بریا ئێستا شیرینی تەشیڕێسی وەفایی و "حەبیبە"کەی نالی، "لەیل"ەکەی خاڵۆی کۆماسی و "عەنبەرخاتوون"ی مەولەوی مابان و لە شایی و گۆڤەندی ئیرادەی ئێوەدا ڕەشبەڵەکی شادییان گرتبا. زارای نیشتمان، هۆ کەنیشکە شینپۆشە باڵابەرزە، لێوە بەخەندەکەی ئاویەر. سەیوانی وەتەن، ئەی باڵات چەشنی کەپری بەر خۆرەتاوی لای لەیلاخ، ڕێگە ببڕن و هەنگاو هەڵبگرن، هەرچەند ڕێگە تووش و پڕ هەڵدێر و کەند و لەندە، بەڵام باش بزانن ئێوە تەنیا نیین و ڕۆڵەکانی ورمێی بەهەیبەت، موکریانی دڵی کوردایەتی، هەورامانی دێرین و سنەی خوێناوی و داڵاهۆی مەڵبەندی ئەهوورا، شۆڕەسوارانی کرماشانی، دڵی مێژوو و ئیلامی دێرین و لوڕستانی کوردان لەگەڵتانن، لەگەڵ ترپەی دڵی دەریایی و ئیرادەی کێوئاساتاندا دڵیان لێ دەدات و پێ لەسەر شوێن هەنگاوەکانتان دادەنێن، کاروانی خۆر بەڕێوەیە و بڕۆن و مەوەستن ئەی زارای نیشتمان و سەیوانی پڕ لە خۆزگە و شادی، ئێوەن ڕێڕەوانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".