کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێرابوونەوەی لەسێدارەدانەکان لە دوای هێرشی حەماس و دەسپێکی شەڕ

11:07 - 12 رێبەندان 2723

ڕۆژنامەی لومۆند لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە زۆربوونەوە و خێراتربوونەوەی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، پاش دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل کردووە.

سەعید دێهقان، پارێزەر و کارناسی پێشووی هێزی بەناودادوەریی ڕێژیم لە وتووێژ لەگەڵ لۆمۆند وتی: "پاش هێرشی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ بۆ سەر ئیسرائیل و دەسپێکی شەڕ و هاوکات لەگەڵ پشتگوێخستنی جیهانیی سەبارەت بە دڕندەیی و لەسێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێژە و خێرایی لەسێدارەدانەکان لە ئێران زیاتر بووەتەوە.

بە وتەی سەعید دێهقان، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە زۆرکردنەوەی رژەی لەسێدارەدانەکان، بە مانای ناڕيزایەتیی کەمترە و ئێستا کە شەقامەکانی ئێران ئارامتر دیارن، لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە کاتی بڵاوکردنەوەی ترسە.

ئەم ڕۆژنامە فەڕانسەییە باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی لەسێدارەدانی نەتەوەی کورد و بەلووچ بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران زۆرترە و ڕێژیم وەکوو ئامرازیک بۆ سەرکوتی سیاسی بە دژی کورد و بەلووچ بەکاری دێنێت.

دێهقان لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوتی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم و سەردانەکەی ندا ئەلنەشیف جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا وتی: "ڕێژیمی ئێران بە زۆرکردنەوەی لەسێدارەدانەکان دەیەوێت لە وتووێژەکانی پێش مانگی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی دەستی باڵای هەبێت و بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان، سەردانەکەی ئەلنەشیف بۆ تاران وەک پڕوپاگەندە بەکار دێنێت.