کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر هێزەکانی هەڵوێست دەگرێ

12:26 - 19 رێبەندان 2723

دوای هێرشی درۆنیی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا کە کوژرانی سێ میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لێ کەوتەوە، ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە هەڕەشە لە گیانی هێزەکانمان دەکەن درێغ ناکەین.

ئەمریکا ڕایگەیاندووە لە تۆڵەی کوشتنی ٣ سەربازی ئەو وڵاتە لەسەر سنووری ئۆردۆن و سووریە، فەرماندەیەکی باڵای گرووپی کەتائێبی حیزبووڵلای کردووەتە ئامانج، کە لە هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی بورجی ٢٢ لە ئۆردۆن بەرپرسایەتیی هەبووە.

لە هێرشی شەوی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، ماشینێک کە هەڵگری فەرماندەیەکی باڵای کەتائێبی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران بەناوی ئەبو باقر ئەلساعدی و هەروەها دوو پاسەوانی ناوبراو بوو، لەلایەن درۆنێکی ئەمریکاوە لە بەغدا کرایە ئامانج.

ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا ''سێنتکام'' جەختی لەوە کردەووەتە کە ئەرتەشی  ئەمریکا  ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانی دەگرێتە بەر و وتیشی: لە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە هەڕەشە لە گیانی هێزەکانمان دەکەن درێغ ناکەین.

هێرشی درۆنیی ئەمریکا لە دڵی بەغدا دەکرێت وەک گۆڕانکارییەکی نوێ لە هێرشەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە سپای پاسداران سەیر بکرێت، چونکە هێرشەکانی چەند مانگی ڕابردوو زیاتر لە ناوچە سنوورییەکان و دەرەوەی شارەکان بووە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی گرووپەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران لە سووریە و عێراق لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە و دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس توندتر بووە. بەڵام دوای ئەوەی ٣ سەربازی ئەم وڵاتە لە هێرشێکی درۆنی لەسەر سنووری ئۆردۆن کوژران، ئەم هێرشانە زیادی کردووە و فۆرمێکی نوێی بەخۆوە گرتووە.