کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ١٨ فەرماندەی بەرەی مقاومەت لە ماوەی ٥ مانگدا

12:34 - 19 رێبەندان 2723

ڕێژەی کوژرانی فەرماندە باڵاکانی بەرەی ناسراو بە مقاومەت، ڕۆژی چوارشەممە پاش کوشتنی دوو فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵا، گەیشتە ١٨ کەس لە ٥ مانگدا.

پاش هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا، "ئەبووباقر ئەلساعدی" فەرماندەی یەکەی درۆنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا و "ئەرکان ئەلیاوی" یەکێکی دیکە لە فەرماندە باڵاکانی ئەو گرووپە لە بەغدا کرانە ئامانج و ڕێژەی فەرماندە کووژراوەکانی بەرەی مقاومەت پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، گەیشتە ١٨ کەس.

بەرەی ناسراو بە مقاومەت لە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا پێکهاتووە و پاش دەسپێکی شەڕ لەلایەن حەماسەوە دەیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

ه حوسییەکانی یەمەنیش کە بەشێکی دیکە لە بەرەی مقاومەتن لە پاش دەسپێکی گرژییەکان و بە ناوی پشتیوانیکردن لە گرووپی حەماس، دەیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

شایانی باسە کە پێشتریش ساڵح ئەلعارووری جێگری ڕێبەری حەماس، وسام ئەلتەویل فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان، موشتاق ئەلسەعیدی فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی نوجەبا و ڕەزی مووسەوی فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرابوونە ئامانج.