کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی سەرەڕۆیانە گۆلی ورمێ بەرەو وشکبوون دەبات

16:49 - 19 رێبەندان 2723

عەلی سەلاجقە بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە لە وتووێژێکدا لەگەڵ دیدەبانی ئێران سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم نۆژەنکردنەوەی گۆلی ورمێ ڕایگەیاند: نزیکەی ٣٣تا ٣٤٪ی کۆی گشتیی ئاوی گۆلی ورمێ بۆ چاندنی وێنجە بەکار دەهێنرێت.

ناوبراو وتی كه‌ بەشێکی بەرچاو لە ئاوی ئەو گۆلە بۆ چاندنی چەوەندەری شەکر، باخی سێو و دروستکردنی ویلا بەکار دەهێنرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕێژیم وتی كه‌ کۆمەڵێک بیری ئاوی بێ مۆڵەت لە دەوروبەری گۆلی ورمێ و لەلایەن خەڵکەوە بۆ کات بەسەربردن هه‌ڵكه‌ندراون و بڕیارە ئەم بابەتە لەلایەن وەزارەتی وزەوە كۆنترۆڵ بکرێتەوە .

له‌لایه‌كی دیكەشە‌وه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٦ی ڕێبه‌ندان، عه‌لی ئه‌كبه‌ر مێحرابیان وه‌زیری وزه‌ی ڕێژیمی ئێران له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا وتی كه‌ به‌ جۆرێک به‌رنامەمان بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاو بۆ گۆلی ورمێ دارشتووە كه‌ له‌ كاتی وشكه‌ساڵیشدا ئه‌و گۆله‌ لە ژیانی خۆی به‌رده‌وام بێ.

كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیاندا  بۆ پاراستن و ژیانه‌وه‌ی گۆلی ورمێ و هه‌روه‌ها ڕێگری كردن له‌ کشتوكاڵی ناستاندارد باس لە پلان و به‌رنامه‌ی تۆكمە دەکەن به‌ڵام له‌ ڕاستی و گۆڕه‌پانی عه‌مه‌لدا هیچکامیان ئاوڕ له‌و گۆله‌ نادەنەوە‌ و بە شێوەی جۆراوجۆر وشكبوونی گۆلی ورمێ په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن.

به‌پێی وێنه‌یەکی ماهواره‌یی كه‌ له‌و گۆله‌ گیراوه‌، ڕووبەری گۆلی ورمێ لە ٣ هەزار و ١٤٤ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٩٨ـەوە بە بەردەوامی کەمی کردووە و له ڕێبه‌ندانی‌ ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١٩٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە.