کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان خەڵک هان دەدەن

16:53 - 19 رێبەندان 2723

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ١١ی ڕەشەمە و هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان، بەرپرسانی ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەوڵدان خەڵک بۆ هاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هان بدەن.

پاسدار ئەمانوڵڵا گەشتاسبی، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی ڕێژیم لە سنە، لە پەراوێزی سەردانی گۆڕی کوژراوانی ڕێژیم لە بەهەشتی محەممەدیی ئەم شارە، باسی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کرد و وتی: دوژمن لە یەکڕیزی و هاوهەنگاویی خەڵک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تووڕەیە.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی بە بەشداریی بەرینی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وەکوو ڕابردوو دەیسەلمێنین کە نیزامی کۆماری ئیسلامی، مەیدانداری بەرەی خۆڕاگری و بەرگری لە ستەملێکراوانی جیهانە و ئەمریکا و پشتیوانەکانی دەبێ ناوچەکە بەجێ بهێڵن.

لەلایەکی تریشەوە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ڕێژیم، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان وتی، بێگومان هەڵبژاردنێکی بەشکۆمان دەبێ. ناوبراو باسی لەوە کرد کە مەجلیسێکی بەهیز دەتوانێ ئێران بەهێز بکات و بەشداریی چالاکانە و بەربڵاویش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەجلیس بەهێز بێت.

قسەکانی ئەم بەرپرسانەی ڕێژیم، لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، نیشان دەدات کە چۆن ڕێژیم سەبارەت بە بەشداریی خەڵک ترسی لێ نیشتووە.

ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو و سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان، یەکێک لە هۆکارەکان بۆ بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانە.

بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن بە هاندانی خەڵک، بازاڕی هەڵبژاردنەکان گەرم بکەن، هەر بۆیە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، باس لە پرسی هەڵبژاردنەکان دەکەن.