کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە دابەشکردنی بەستەی خۆراکی بانگەشە بۆ دەیەی بەناو فەجر دەکات

16:56 - 19 رێبەندان 2723

بەرپرسانی ڕێژیم لە کوردستان، لە دەیەی بەناو فەجردا، بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان، پیلانی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرماندەی سپای پاسداران لە شاری بانە، ڕایگەیاندووە کە بەبۆنەی دەیەی بەناو فەجرەوە، ٦٠٠ بەستە کولوپەلی پێویستیان لە نێوان خەڵکی هەژاری بانەدا دابەش کردووە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بانە، بەستەکان، خواردنگەلێکی وەک برنج، ڕۆن و باقی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لەخۆ ئەگرن و لە نێوان بنەماڵە هەژارەکاندا دابەش کراون کە نرخی هەر بەستەیەک ٩٠٠ هەزار تمەن بەراورد کراوە.

ئەم بەستە خۆراکییانە لەلایەن جەهادی سازەندگیی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە لە بانە ئامادە کراون.

فەرمانداری بانە، لەمبارەوە وتوویەتی: بەسیجی سازەندگیی سپا، هاوکات لەگەڵ ئەم بەستە خۆراکییانە، هەوڵ بۆ ئاڵوگۆڕ لە دۆخی چینی هەژاری کۆمەڵگە دەدات و پێدانی وام و دابینکردنی کار لە بەرنامەکانی داهاتوویدایە.

دابەشکردنی ئەم جۆرە کەلوپەلە لە نێوان خەڵکدا، ئەویش لە بەرەبەری ٢٢ی رێبەندان، لە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ راکیسانی خەڵک بۆ نمایشی ڕێپێوانی ٢٢ی رێبەندانە.

رێژیم هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە پرسی هەژاریی خەڵک، ناچاریان بکات کە لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکانیدا بەشدار بن.

هەژاری و نەبوونی کار لەو کێشانەن کە ڕێژیم دەتوانێ بۆ چارەسەرکردنیان مێکانیزمی گونجاو لەبەر بگرێت و پێویست بە چاوەڕوانی بۆ هاتنی ٢٢ی ڕێبەندان و دەیەی بەناو فەجر نییە.