کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ناوداری کوردستان لە سوید

17:00 - 19 رێبەندان 2723

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، مەلا شێخ عوسمان خالیدی، کەسایەتیی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری دێرینی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

شێخ عوسمان خالیدی یەکێک لە کەسایەتییە دیار و خاوەن هەڵوێستەکانی شاری مەریوان بوو کە لەنێو خەڵکی ناوچەکانی مەریوان، سەقز و بانەدا ڕێزی زۆری لێ ئەگیرا. 

شێخ عوسمان لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی، چالاکیی هەبوو .

ناوبراو دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و چەکی بەرگری لە گەل و وڵاتەکەی کردە شان.

دوای گیرانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی مەریوان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، شێخ عوسمان و بنەماڵەکەی ڕوویان لە ناوچەی بانە کرد و بە درێژایی ئەو چەند ساڵە چەندین پلەی حیزبی وەک ئەندامەتیی کومیتەی شارستان، بەرپرسایەتی کومیتە ناوچەکانی بابۆس و حەوتەوانەی گرتە ئەستۆ و دوایین پلەی حیزبیشی بەرپرسی سیاسیی هێزی شەهیدانی وێردی(ئاربابا) بوو.

مامۆستا لەو بڕوایەدا بوو کە ئێمەی کورد دەبێ تەنانەت لە حزووری پەروەردگاریشدا بە کوردی بدوێین، هەر بۆیە هەموو کات لەسەر گۆڕی شەهیدانی حیزبی دێموکرات تەڵقینی بە زمانی کوردی دادەدا.

شێخ عوسمان مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست و دژی ژێردەستی و چەوسانەوە بوو؛ هیچکات لە بەرامبەر ناحەقیدا بێدەنگ نەدەبوو و هەر ئەو هەڵوێستانەشی وای کردبوو کە لەنێو خەڵکدا ڕێزێکی تایبەتی هەبێ.

 شێخ عوسمان وێڕای بنەماڵەکەی ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گیرسایەوە و     هەتا دوایین ساتەکانی تەمەنی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.

                    

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم کەسوکاری و ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەماین دەزانێت.