کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گوشاری خستووەتە سەربنەماڵەی شەهیدان و چالاکانی سیاسی

10:40 - 21 رێبەندان 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی خۆیەوە، گوشاری خستوتە سەر خەڵک و دەیەوێ ناچار بە هاوکارییان بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیتلاعاتی ڕێژیم بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەتیش شەهیدانی شۆڕشی ژینای خستۆتە ژێر گوشار و بە بیانوی جۆراوجۆر بانگی ئەم ناوەندەیان دەکات.

لەم هەوڵە نەزۆکەدا، بەرپرسانی ئیتلاعاتی ڕێژیم داوایان لە بنەماڵەی شەهیدان کردووە کە بە دژی شۆڕشی ژینا هەڵوێست بگرن و بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک وەکوو دیە، لە بەرانبەر کوژرانی ئازیزەکانیان بە دەستی ڕێژیم بێدەنگی هەڵبژێرن.

لەلایەکی دیکەشەوە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە بانگکردنی بنەماڵەی پیشمەرگە و چالاکانی سیاسی، لە هەوڵدان، لە ڕێگەی ئەوانەوە، چالاکانی سیاسی بۆ بەجێهێشتنی ڕیزەکانی خەبات و پەنا بردن بۆ وڵاتی سێهەم هان بدەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم بە بانگکردنی شۆفێرەکان بەتایبەت ئەوانەی کە لە سنوورەکان کار دەکەن، لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بۆ فرۆشتنی سووتەمەنی، داوای هاوکاریی لێ کردوون.

لە ماوەی سالانی رابردوودا رێژیم لەم جۆرە هەوڵانە بەردەوام بووە و هەر جار بە شێوازێک لەلایەن خەڵکەوە وەڵامی نای پێ دراوەتەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە بەردەوامی داواکارییەکانی ڕێژیمیان بۆ هاوکاری و وەرگرتنی دیە ڕەت کردووەتەوە و بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە ئازیزەکانیان بە دەستی کۆماری ئیسلامی کوژراون.