کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە زۆر دەیهەوێ قوتابییان ڕاکێشی ڕێپێوانیی ٢٢ی ڕێبەندان بکات

10:58 - 21 رێبەندان 2723

وەزارەتی پەروەرەی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بە ناردنی بەخشنامەیەک بۆ قوتابخانەکان، لە هەوڵدایە قوتابییان و مامۆستایان ناچار بە بەشداری لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بکات.

بەپێی ئەم بەخشنامەیە کە نموونەیەکی بۆ پەروەردە و بارهێنانی قوروە نێردراوە، داوا لە هەموو فەرهەنگیان و قوتابییان و بنەماڵەی قوتابییان کراوە کە لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەنداندا، بەشداری لە ڕێپێوانی ئەم ڕۆژەدا بکەن.

ئەم بەخشنامەیە لە ٧ خاڵدا ئامادە کراوە و بە ڕوونی لە خاڵی یەکەمیدا نووسراوە کە: بەشداریی هەموو قوتابییان و مامۆستایان لەم ڕێپێوانەدا ئیجبارییە.

لە درێژەدا ڕایانگەیاندووە کە قوتابییان دەبێ پلادکارت و ئاڵا و بەنێری تایبەت بەم ڕۆژە بەدەستەوە بگرن و جەخت کراوەتەوە کە هەموو بەرپرسانی قوتابخانەکان و قوتابییان دەبێ هەتا کۆتایی ڕێپێوانەکە لەوێ بن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، رێژیم بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتەکەی خۆی و فریودانی دنیای دەرەوە لەمەڕ پاڵپشتیی خەڵک لەم دەسەڵاتە، لە ناوەندە دەوڵەتی و ئیدارە و قوتابخانەکاندا و بە هەڕەشەی کەمکردنەوەی مووچە و دەرکردن و کەمکردنەوەی نمرە، خەڵکی ناچار بە بەشداری لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەنداندا کردووە.

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بووەتە گۆڕەپانی بەرینی دژایەتی لەگەڵ ڕێژیم وهەر ئەمەش ترسی ڕێژیم لە بەشدارینەکردنی خەڵکی زۆرتر کردووەتەوە و ناچار بووە پەنا بۆ فرتوفیڵی ڕابردوو بباتەوە.