کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران موسوڵمانانی بریتانیا بۆ سیخوڕیکردن هان دەدات

11:02 - 21 رێبەندان 2723

ڕۆژنامەی دەیڵی مەیڵی چاپی بریتانیا لە زاری بەرپرسانی بریتانیا و ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند کە موسوڵمانانی بریتانیا کە بۆ زیارەت دێنە ئێران و عێراق لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر نەیارانی ڕێژیمی ئێران و کەسایەتییە جوولەکەکانی بریتانیادا هان دەدرێن.

بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیه، هێزەکانی سپای پاسداران له شوێنه ئاینییەکانی ئێران و عێراق بەتایبەت له ڕێپێوانی ئەربەعەیندا لەگەڵ شیعەکانی بریتانیا پێوەندی دەگرن و داوایان لێ دەکەن کە دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان، جوولەکە بەناوبانگەکان، کەنیسە، بەرپرسانی ئیسرائیل و بریتانیا و هەروەها نەیارانی ڕێژیمی ئێران بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە و سیخوڕییان بەسەردا بکەن.

بە وتەی بەشێک لە کارناسان ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەیەک لەو کەسە ئێرانییانە کە بە بوورسییەی ڕێژیمەوە و بۆ خوێندن دێنە زانکۆکانی بریتانیا، سیخوڕ بن.

ڕۆژنامەی دەیڵی مەیڵی نووسیویەتی: کەسرا ئەعەرابی لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی هاوپەیمانی دژی ئێرانی ناوکی باسی لەوە کردووە کە دامەزرێنەرانی سپای پاسداران شیعەکانی بریتانیایان بۆ سیخوڕیکردن لە ئێرانییەکان پێ باشترە.

بە وتەی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا، سپای پاسداران بۆ ئەنجامدانی هەندێک هێرش کەڵک لەو زانیارییانە وەردەگرێت کە لەلایەن ئەم سیخوڕانەوە کۆیان کردووەتەوە، بەجۆرێک کە لە ساڵی ٢٠٢٢وە، ڕێژیمی ئێران هەوڵی کوشتن یان زیانگەیاندن بە لانیکەم ١٥ دژبەری ئێرانی لە بریتانیا داوە.