کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران ڕەخنەی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی گرت

11:47 - 21 رێبەندان 2723

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٠ ڕێبەندان، بە توندی ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بەرانبەر بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی گرت.

بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی، لە پەراوێزی پێشانگایەک لە مەشهەد باسی لەوە کردووە کە ئاژانسی وزەی ناوکی بە هۆی جێبەجێکردنی ستانداردی دوو فاقی و هەڵسوکەوتی تێکدەرانە، هەر لە سەرەتاوە هاوکاریی پیشەی ناوکیی ئێرانی نەکردووە.

ناوبراو وتوویەتی ئەو ئاژانسە نەک هەر هاوکاریی نەکردووین، بەڵکوو دەستێوەردانی زۆریشی لە بەرنامەی ناوکیی ئێراندا کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانبار، لە پەراوێزی دانیشتنی ئابووری لە داڤۆسی سوئیس ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس سنووردار کردووە .

ڕافائێل گرووسی هاوکات لەگەڵ ڕەخنە لە ڕەتکردنەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانس لەلایەن ڕێژیمەوە ڕایگەیاند: ئەمە دۆخێکی زۆر نائومێدکەرە،  ئێمە لەوێ درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین، بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هاوکارییەکانیان سنووردار کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا گروسی لە ١٣ ڕێبەنداندا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەدی بەردەوامە بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە ڕێک دوابەدوای چالاکییە نیزامییەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەستی پێ کرد و ئێستا کەمێک دابەزینی بۆ خۆیەوە بینیوە.

وتەبێژی کاروباری دەرەوەی ئەمریکاش لەمبارەوە جەختی کردووەتەوە کە چالاکییە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامی هیچ پاساوێکی غەیرەنیزامی هەڵناگرێ.