کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی

12:05 - 21 رێبەندان 2723

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان سەبارەت بە مەترسیی جیددیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی هۆشداری دا.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە پاش دادگاییەکی نادادپەروەرانە و بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری جنسی و جەستەیی، سزای لەسێدارەدان بۆ ڕەزا ڕەسایی دەر کراوە.

مانگی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لەلایەن لقی ١٧ی دادگای باڵای ڕێژیمی ئیسلامییەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر بارانی دەر کرا.

ناوبراو لە سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١دا و بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سەحنەی کرماشان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، دەسبەسەر کرابوو.

دەرکردنی ئەم سزایە لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، ناوبراو پاش کوژرانی نادر بەیرامی دەچێتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەم ناڕازییە یارسانە تەنیا بە هۆی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەسبەسەر کراوە.

ڕەسایی لە کاتی دەسبەسەرکران و پاشان لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانیدا، لەژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجەدا بووە.