کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی حیزبی دێموکرات: شۆڕشی ٥٧ مافەکانی خەڵکی ئێرانی دابین نەکرد

13:00 - 21 رێبەندان 2723

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شۆڕشی ٥٧ لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی کوردکاناڵ جەختی کردووەتەوە کە ئامانجی خەڵک لە شۆڕشی ٥٧، دابینبوونی مافەکانیان بوو بەڵام بەداخەوە ئەم داوایە لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، وەدی نەهاتووە.

کاک خالید لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سەرەڕای هەبوونی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان و لە مەیداندا بوونی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و هۆکاری سەرەکیی ئەمەش، نەبوونی "ئاڵترناتیڤ"ێکی جییدیە کە دێموکراسیخوازان تێێدا ڕۆڵیان هەبێ.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات وێڕای ڕەخنەگرتن لە ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم جەختی کردەوە کە ڕێگەچارەی دروستبوونی هاوپەیمانیی گشتگیر و لە ئاکامدا دروستکردنی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە دەبێ پێناسەیەکی نوێ لە ئێران بە دەستەوە بدرێ کە هەموو جۆراوجۆرییەکان بە فەرمی بناسێ و دەرفەتی بەشدارییان پێ بدات.

کاک خالید کە وتەبێژی حیزبی دێموکراتە و بەردەوام لەگەڵ ڕەوت و کەسایەتییە ئێرانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم لە پێوەندیدایە، لە وتەکانیدا ئاماژەی بەم خاڵە کرد کە ڕوانگەی گشتیی خەڵک و بەتایبەت ڕەوت و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵی ڕابردوو گۆڕاوە و ئەمڕۆ زۆر ئاسان دەکرێ لەگەڵیان سەبارەت بە فێدراڵیزم لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامیدا قسە بکرێت، شتێک کە پێشتر زۆر کەمتر سەرنجی دەدرا.

کاک خالید ئاماژەی بەم خاڵە کرد کە لە دوای شۆڕشی ژینا، سنووری نێوان دەسەڵات و خەڵک بەڕوونی دیارە و بزووتنەوەی ڕاستەقینە لە نێوخۆی ئێراندایە و دەبێ زیاتر کاری لەسەر بکرێ تاکوو گەشە بکات و گشتگیرتر بێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات هەروەها ڕوو لە خەڵکی ئێران و ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند کە دەبێ یەکدەنگ سیاسەتە دژەخەڵکییەکانی ڕێژیم بە یەکگرتوویی و هاوپەیمانی پووچەڵ بکەینەوە و هەموومان لە بەرانبەر ئێران و داهاتوووی ئێراندا بەرپرسیارین و دەبێ ڕۆڵی خۆمان بە باشی بەجێ بگەیێنین.

ئەم وتووێژە ئەمشەو، لە بەرنامەکانی کوردکاناڵدا بڵاو دەکرێتەوە.