کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی هەژمارەکانی خامنەیی لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە

17:48 - 21 رێبەندان 2723

هەژمارەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە فەیسبووک و ئینستاگرام لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە داخران.

کۆمپانیای مێتا، خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامە و ڕایگەیاندووە کە بە هۆی پێشێلکردنی یاساکانی پێوەندیدار بە گەشەی ڕێکخراوەکان و کەسانی مەترسیدارەەوە، هەژمارەکانی خامنەیی داخستووە.

وتەبێژی کۆمپانیای مێتا لەمبارەوە وتی: ئێمە ئەم هەژمارانەمان بە هۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێوشوێنەکانمان لەلایەن ڕێکخراو و کەسانی مەترسیدارەوە سڕیوەتەوە.

ئەم کارە دوابەدوای ئەوە بوو کە ڕەوت و هێزە دژبەرەکانی ڕێژیم و گرووپەکانی لایەنگری ئیسرائیل لە چەند مانگ پیش ئێستاوە بە هۆی پەرەدان بە تێرۆریسم و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و هاندانیان بۆ توندوتیژی لەلایەن ڕێژیمەوە، داوای داخستنی هەژمارەکانی خامنەییان دەکرد.

 

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتیوانیی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەرگریی لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەە دەریای سووردا دەکرد و خوازیاری لەنێوبردنی ئیسرائیل بوو.

داخرانی هەژمارەکانی خامنەیی، لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازیی زۆری لێ کراوە و بەکارهێنەران داوایان لە "ئیلان ماسک" خاوەنی کۆمپانیای "ئیکس" کرد کە ئەویش هەژماری ڕێبەری ڕێژیم لەم پلاتفۆرمە دابخات.