کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ڕێگەی بەکرێگیراوانی خۆیەوە ئامادەکاری بۆ ٢٢ی ڕێبەندان دەکات

17:50 - 21 رێبەندان 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی ڕێبەندان، ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان دەستی بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی سپا و ئەرتەش لە پیرانشار کۆ بوونەتەوە و بە گواستنەوەی قوتابییان بە ئوتووبووس بۆ شوێنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە، ئامادەکاری بۆ ئەم بۆنەیە دەکەن.

هێزەکانی سپا و ئەرتەش بە هاوکاریی جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە دروستکردنی پلاکاردگەلێک کە لەسەریان دروشمی نەمان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا نووسراوە، خەریکن ئامادەکاری بۆ ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان دەکەن.

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لەکاتێکدایە کە دژایەتییەکانی خەڵک لەگەڵ ڕێژیم گەیشتووەتە لووتکە و نایانەوێ ئەم ڕێژیمە لەسەر کار بمێنێ.

نموونەی بەرچاوی ڕق و تووڕەیی خەڵک لە ڕێژیم لەم دواییانەدا، دەربڕینی خۆشحاڵیی خەڵک پاش دۆڕانی ڕێژیمی ئێران لە یاریی فووتباڵ بەرانبەر بە تیمی قەتەر بوو.

ڕێژیم بۆ بەشدارکردنی خەڵک لە ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، بە زۆر و هەڕەشە دەیەوێ خەڵک ڕاکێشی ئەم ڕێوڕەسمە بکات.