کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆری جوولەکەکانی وڵاتی سوئێد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە

11:01 - 22 رێبەندان 2723

ئامادەکردنی؛ ئیدریس هاشمی

هەڵسەنگاندنی وتارێکی "ئێکۆت Ekot" (بەرنامەیەکی ڕادیۆی سوئێد)، سەبارەت بە پلانە گومانلێکراوەکانی کوشتنی جوولەکەکانی سوئێد لەلایەن ئێرانەوە.

ژن و پیاوێکی ئێرانی کە بە ناسنامەی ئەفغانستانییەوە لە سوئێد مۆڵەتی پەنابەرییان وەرگرتبوو و دواتر دەرکەوت کە پلانی کوشتنی سێ جوولەکەی سوئێدییان هەبووەوە، لە چاپەمەنییەکانی سوئێد دەنگی دایەوە و بوو بە ناونیشان و مانشێتی وتاری هەواڵنێری و چاپەمەنییە گرنگەکانی سوئێد. یەکێک لەوانە بەرنامەی "ئێکۆت"ی ڕادیۆی وڵاتی سوئێدە کە زۆر بەوردی و دووروردرێژی توێژینەوەی لەسەر بابەتەکە کرد. یەکێک لەو بابەتانەی بە ناونیشانی "گومان دەکرێت ئێران پلانی کوشتنی جوولەکەکانی سویدی دانابێت"، لێرە هەڵدەسەنگێنین:

پێداچوونەوەی ئێکۆت ئاشکرای دەکات کە دوو بریکاری نهێنیی پەیوەندیدار بە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١دا سێ جوولەکە سوئێدییەکەی وڵاتی سوئێد یان تاووتوێ کردووە.

بۆ وێنە یەکێک لە ئامانجە دیاریکراوەکان (ئارۆن ڤێرستاندیگ) سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی جوولەکەکان بوو.

ئەو جووتە بە ناوەکانی "مەهدی ڕەمەزانی" و "فریشتە سانعی‌فەرد" لە مانگی ئەپریلی ساڵی ٢٠٢١ دەستبەسەر کران، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەبێ ئەوەی داوای دادگا بەرز بکرێتەوە، دیپۆرتی ئێران کرانەوە.

بەڵگەکان بەس نەبوون بۆ لێپێچینەوە، بەڵام پۆلیسی ئاسایش و داواکاری گشتی بڕیاریان دا کە ئەو ژن و مێردە هەڕەشەیەکی ئەمنیی بەهەند و پشتگوێنەخراو بۆ سەر سوئێد درووست دەکەن.

پێداچوونەوەکە لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەوامەکانە لە سەرچاوەکانەوە کە دەستیان بە لێکۆڵینەوە نهێنییەکان گەیشتووە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە دژی جوولەکەکانی سوئێد لەسەر خاکی ئەم وڵاتە.

پلانەکانی تیرۆرکردن وەک بەشێک لە دوژمنایەتیی ئێران بەرانبەر بە ئیسرائیل سەیر دەکرێت.

ڕەنگە دەرکردنی ئەو ژن و مێردە بۆ دوورکەوتنەوە لە قەیرانی دیپلۆماسی لە نێوان سوئێد و ئێران ڕووی دابێت.

پێداچوونەوەی ئێکۆت ئاشکراکردنێکی گرینگ و ترسناکە سەبارەت بە کردەوەکانی ئێران لەسەر خاکی سوئید. ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیانی سوئێد و بۆ سەر ئاسایشی سوید دروست دەکات.

پێداچوونەوەی ئێکۆت هەوڵێکی ڕۆژنامەوانیی گرنگە و باش جێبەجێ کراوە کە تیشک دەخاتە سەر هەڕەشەیەکی بەهەند لەسەر سوئێد و دانیشتووانەکەی.

شایانی باسە کە بەرنامەی ئێکۆت کۆمەڵێک بەرنامە و وتاری جۆربەجۆری خۆی تەرخان کردووە بۆ ئەم بابەتە. بەتایبەت بەرنامەی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە دەزگای کۆچ و پەنابەریی سوئێد لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە باس لەوە دەکات کە گوایە بە دزییەوە دەزگای کۆچ و پەنابەری ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو دوانە سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانن، بەڵام بەوەشەوە هەر مۆڵەتی مانەوەیان پێ دراوە.

ئەم بابەتە زۆر دوورودرێژە و گەلێک ڕۆژ بووە بە مژاری چاپەمەنی و هەواڵنێرییەکانی سوئێد.