کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریە

11:04 - 22 رێبەندان 2723

بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە دوو کێڵگەی گاز و نەوتی "کۆنیکۆ" و "ئەلعومەر" لە سووریە بە دڕۆن و مووشەک کرانە ئامانج.

هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، شەوی شەممە ٢١ی ڕێبەندان ٦ دڕۆنیان خستە خوارەوە کە ئاراستەی بنکەکەیان لە سووریە کرابوو.

دڕۆنەکان ئاراستەی بنکەیەکی هاوپەیمانان لە کێڵگەی گازی "کۆنیکۆ" کرابوون.

لە هەمان کاتدا بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی "ئەلعومەر" لە دەیرەزووری سووریە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج.

هێزی هاوپەیمانان و هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە کە بە هاوکاریی یەکتر بە دژی داعش لە سووریە شەڕ دەکەن، لە پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەرەوڕووی هێرشی چڕی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیران بوونەتەوە.

مەزڵووم عەبدی سەرۆکی هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە حەفتەی ڕابردوو پاش کوژرانی ٦ کەس لە هێزەکانیان لە هێرشێکی دڕۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا دەبێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی زیاتر بۆ بنکەکانی لە سووریە دابین بکات.

پاش هێرشی تێرۆریستیی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران ١٦٠ جار بە دڕۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.