کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران داوای لە فیفا کرد چالاکییەکانی فێدراسیۆنی فووتباڵی ئیسرائیل هەڵپەسێرێت

12:15 - 22 رێبەندان 2723

فێدراسیۆنی فووتباڵی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە، داوای لە فێدراسیۆنی جیهانیی فووتباڵ کردووە کە بە هۆی شەڕی ئەو وڵاتە لە غەززە، فێدراسیۆنی فووتباڵی ئیسرائیل بە تەواوی لە هەموو چالاکییە پەیوەندیدارەکانی فووتباڵ هەڵپەسێرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، فێدراسیۆنی فووتباڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە فیفا و ئەنجومەنەکانی ئەندام لەم فێدراسیۆنە کردووە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتانەی کە بە تاوانەکانی ئیسرائیل ناوی دەبات ڕێوشوێنی خێرا و جیددی بگرنە بەر.

دوابەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەسپێکی شەڕی غەززە، کۆماری ئیسلامی کە ئیسرائیل بە فەرمی ناناسێ، بە بەردەوامی پشتیوانیی لە هێرشەکانی حەماس کردووە و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خۆی لەم هێرشانەدا ڕەت کردووەتەوە.

ڕێژیم سەرەڕای بانگەشە بۆ جیاکردنەوەی وەرزش لە سیاسەت، ڕێگری لە کێبڕکێی وەرزشوانانی ئێرانی لەگەڵ وەرزشوانانی ئیسرائیل دەکات و ئەم سیاسەتە تێچووی زۆری بۆ سەر  وەرزش و وەرزشوانانی وڵات هەبووە.