لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەک لە دەمشق کە ماڵی بەرپرسانی باڵای سەربازیی لێیە، ٣ کەس کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەی کە ماڵی بەرپرسانی باڵای سەربازیی لێیە، ٣ کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوونە کە ئەگەری هەیە ڕێژەی کوژراوان زیاتر بکات.
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەرمیی دەوڵەتی بەشار ئەسەد هێرشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە تەنیا زیانی ماڵیی هەبووە.
هەروەها باس لە بوردومانی فڕۆکەخانەی "ئەلمەزە" لە نزیکی دەمشق کراوە.
هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەدا بنکە و بارەگایان هەیە.
بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بەم چەشنە هێرشانە بە دەگمەن لێدوان ئەدەن بەڵام بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە: ڕێگە نادەن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێگەی سەربازیی بەربڵاو لە سووریە دابمەرزێنێت.