ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاستای بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خۆبرگان، دەستی بە دامەزراندنی ٢٠٠ کاناڵی تلویزیۆنی بە مەبەستی پڕوپاگەندە بۆ ئەو بەربژێرانە کردووە کە جێگای متمانەی خودی ڕێژیمن.
بەپێی بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری رێژیم، ٢٠٠ کاناڵی تلویزیۆنی بە ئامانجی پڕوپاگەندە بۆ بەربژێرەکانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بە شێوەی بەردەوام چالاکی دەکەن.
ئەم بڕیارەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەکاتێکدا دەر کراوە کە لە پارێزگای خوراسانی باشووردا، هەموو بەربژێرەکان جگە لە خۆی سەڵاحییەتیان ڕەت کراوەتەوە و سەرۆککۆمار دەبێ لەگەڵ خۆی کێبڕکێ بکات.
ئەم هەوڵەی ڕێژیم لە ڕاستای فریودانی خەڵكی ناڕازیی ئێران و ڕاکێشانیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە.
پەیمان جەبەلی، بەرپرسی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە وتی کە ئەم ٢٠٠ کاناڵە بۆ ماوەی یەک حەفتە و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە خزمەت بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکاندا دەبێ.
ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە پێشتر نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس لە هەوڵێکی پێشوەختەدا، بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیمیان زیاتر لە سێ هێندە، بەرز کردەوە و بوودجەکەیان گەیاندە ٢٤ هەزار میلیارد تمەن.
هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لەکاتێکدایە کە بەپیی ڕاپرسیی هەواڵدەریی "خەبەر ئانلاین"ی سەر بە ڕێژیم، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کەمتر لە ٣٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی کارناسان، بە هۆی سەرکوتە سیستماتیکەکانی خۆپیشاندەران و ناڕازییان و لەسێدارەدانە بەربڵاوەکان، قەیرانی ئابووری و زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی لەسەر کۆمەڵگە، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژرادنەکانی داهاتووی ڕێژیم بۆ کەمترین ڕێژەی خۆی لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا دابەزیوە.