وەزیری تەعاون و کاری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە پێدانی یارانە و یارمەتی بژێوی ژیان و کۆپینی ئەلیکترۆنیکی لە ساڵی داهاتوودا درێژەی دەبێت.
کارناسان ئەم بابەتەیان وەک پێشبینیی دەوڵەت بۆ خراپتربوونی باری ئابووری و ژیانی خەڵک ناو بردووە و پێیان وایە بەردەوامیی ئەو سیاسەتانە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە گوشارەکان بێئەنجام دەبێت.
ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" لە زاری سەوڵەت مورتەزەوی وەزیری تەعاون و کارەوە نووسیویەتی، ڕێژەی ئەو یارمەتییەی کە دەهەکی یەک تا حەوت لە ڕێگەی کۆپینەوە وەریدەگرن، لە ١٢٠ بۆ ٢٢٠ هەزار تمەن زیادی کردووە و گەڵاڵەی "فەجرانە"ش تا مانگی بانەمەڕی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی میدیاکانی ئێران، لە گەڵاڵەی فەجراندا سەبەتەیەکی ١١ بابەتی بریتی لە گۆشتی مریشک، گۆشتی سوور، برنج، ڕۆن، ماکارۆنی، شیر، پەنیر، ماست، قەند و شەکر، هێلکە و دانەوێڵە بۆ دابینکردنی لانیکەمی ڕێژەی کالۆری، پرۆتێئین و ویتامینە پێویستەکان بۆ هەر کەسێک لەسەر بنەمای نرخی ساڵی ١٤٠١ هەڵبژێردراون و جیاوازیی ئەو نرخانە لەگەڵ نرخی ئێستا لە ساڵی ١٤٠٢ لە یارانەی نوێی دەوڵەت دابین دەکرێت.
لە چاوی شرۆڤەکارانەوە ئەم لێدوانانە وەک نیشانەی قەیرانێک سەیر دەکرێن و پرسیاری زۆر دەوروژێنن.
ڕەزا غەیبی ڕۆژنامەوانی ئابووری لەو بوارەدا باسی لەوە کردووە یەکێک لەو شتانەی کە دەوڵەت هەوڵ دەدات خۆی لێ ببوێرێت نکۆڵیکردن لە ڕاستییە ئابوورییەکان وەک پرسی زیادکردنی مووچەیە و وتوویەتی: ''هیچ نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ساڵی داهاتوودا نییە هەروەها هیچ پلانێکیش بۆ مووچەی پشتگیری لە فەرمانبەران نییە کە بگاتە ئاستی هەڵاوسان.
بە وتەی ناوبراو درێژەدان و زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ دەهەکەکانی خوارەوە ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژیم هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەگەری ناڕەزایەتیی چینە لاوازەکان دەدات، بەڵام دەرئەنجامەکانی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی پشتگوێ خستووە.
هەر لەو پێوەندییەدا حەمید میرزادە، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی پلاندانان و بوودجە، ٥ی ڕیبەندان لە ڕۆژنامەی "ئیتیماد"دا نووسیویەتی، ئەگەر شتێکی تایبەت بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵات ڕوونەدات، هەڵاوسانی ٥٠ لەسەدی لە ساڵی ١٤٠٣دا چاوەڕوان دەکرێت.
بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران هەڵاوسان لە ١٤ لەسەدەوە لە ساڵی ١٣٩٣ گەیشتووەتە ٤٥.٨ لەسەد و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سەرووی ٤٠ لەسەد بووە.