کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێژیم سەبارەت بە هەوڵە سیخوڕییەکانی سپای پاسداران لە بریتانیا

21:32 - 22 رێبەندان 2723

کارداری ڕێژیم سەبارەت بە بڵاوبووونەوەی هەواڵی بەکارهێنانی موسوڵمانانی بریتانیا بۆ کاروباری سیخوڕی لەلایەن سپای پاسدارانەوە کاردانەوەی نیشان دا.

مەهدی حوسێنی مەتین کارداری ڕێژیمی ئیسلامی لە لەندەن لە هەژماری ئیکسی خۆیدا سەبارەت بە هەوڵە سیخوڕییەکانی سپای پاسداران لە بریتانیا ڕایگەیاندووە "ڕاپۆرتەکەی دەیڵی مەیڵ تەنیا بۆ زیاترکردنی بەردەنگە".

حوسێنی مەتین ئەم ڕۆژنامە بەناوبانگەی کە سەرچاوەی زۆربەی هەواڵەکانە وەک ڕۆژنامەیەکی ئاسایی بە ئەژمار هێناوە و زیادی کردووە کە ئەم شتانە تۆمەتن و لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت کراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی دەیڵی مەیڵ کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بڵاو کرایەوە، سپای پاسداران بە ناوی چالاکیی دیپلۆماتیک و ئایینییەوە، موسوڵمانانی بریتانیا بۆ کاروباری سیخوڕی، بەکاردێنێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەکرێگیراوانی سپای پاسداران بۆ کاری سیخوڕی، زیاتر لە شیعە مەزهەبەکانی بریتانیا کە هاووڵاتیی پاکستان و عێراق و لوبنانن پێکهاتووە.

هۆکاری بەکارنەهێنانی کەسانی ئێرانی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، دژواربوونی سیخوڕی بۆ سیخوڕانی ئێرانی لە وڵاتی بریتانیا ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا، سپای پاسداران لە زانیاریی ئەم سیخوڕانە بۆ ئەنجامی هێرشی تێرۆریستی و لەنێوبردنی دژبەرانی خۆی لە بریتانیا کەڵک وەردەگرێت.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە تۆڕە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئیران لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی ئورووپا دەر دەکەون.

تۆڕی هێزە سیخوڕ و تێرۆریستەکانی ڕێژیم بۆ لەنێوبردن و ڕفاندنی دژبەران و ڕەخنەگران و هەروەها هێرشی تێرۆریستی بەکار دەهێنرێت.