کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدانەکاندا، خاڵی پشکنینی داناوە

21:37 - 22 رێبەندان 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٢ی ڕێبەندان و هاوکات لەگەڵ ٤٥ـەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ناوەندەکانی ڕێژیم لە کوردستان، لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک دژی ڕێژیم لەم ڕۆژەدا، لە هەموو ڕێگاکانی چوونەژوورەوەی شاری پیرانشاردا، خاڵی پشکنینیان داناوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و پێشگرتن لە سەرهەڵدانی خەڵک، دەستیان بە پشکنینی خەڵک لە هەموو ڕێگاکانی چوونەدەرەوە لە پیرانشار کردووە.

کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدا یادی ٤٥ ساڵەی هاتنەسەرکاری دەکاتەوە، کە هیچ ڕەواییەکی لای خەڵک نەماوە. بەشدارینەکردنی خەڵک لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان و بەستێنی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان ترسی ڕێژیمی لەم ڕۆژەدا چەند قات زیاتر کردووەتەوە.