کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی هێرش بۆ سەر ڕەفەح لەلایەن ئیسرائیلەوە

11:12 - 23 رێبەندان 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان دەسپێکی هێرش بۆ سەر شاری ڕەفەحی ڕاگەیاند.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە ئێستادا ٤ گرووپی حەماس لە ڕەفەحدا جێگیرن و تا کاتێک کە ئەو گرووپانە لەوێ بن ئیسرائیل ناتوانێت بە ئامانجی خۆی واتە بنبڕکردنی ئەم گرووپەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگات.

ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە چەند هێرشی ئاسمانیدا بنکە و بارەگاکانی حەماسی لە ڕەفەح کردووتە ئامانج.

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە زاری وەزارەتی تەندروستیی غەززەوە ڕایگەیاندووە لەم هێرشانەدا نزیک بە ١٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێتانیاهوو جەختی کردووەتەوە کە پێویستە ئیسرائیل بەرنامەیەکی بڕواپێکراوی بۆ ئەمنییەت و پاراستنی یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی کە بە ناچاری چوونەتە ڕەفەح، هەبێت.

هەروەها میسر هۆشداری داوەتە ئیسرائیل کە لە ئەگەری گواستنەوەی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان بۆ خاکی ئەو وڵاتە، ڕێککەوتننامەی ئاشتی و پێوەندییە ئەمنییەکانی دوو وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "ئەی بی سی" ڕەخنەی لە داواکارییەکان لە ئیسرائیل بۆ هێرش نەکردنەسەر ڕەفەح گرت و ڕایگەیاند: ئەوانەی کە داوا ئەکەن ئێمە نەچینە نێو ڕەفەحەوە، لە ڕاستیدا دەڵێن کە ئیسرائیل شکست بخوات و حەماس لەوێدا بپارێزرێت.

شاری ڕەفەح دەکەوێتە باشووری ناوچەی غەززە و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی میسر کە لە پاش دەسپێکی شەڕ و کۆچی خەڵک لە باکووری غەززەوە بۆ ئەوێ، بووەتە شوێنی نزیک بە یەک ملیۆن کەس لە ئاوارەکانی شەڕ.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس پاش هێرشی تێرۆریستیی ١٥ی ڕەزبەری چەکدارانی حەماس  کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، دەستی پێ کرد.