کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیام و داهاتووی کوردستانی پێشەنگ و یەکگرتوو

11:16 - 23 رێبەندان 2723

ئەلبورز ڕووئین‌تەن

 

کارڵ پوپەر فەیلەسوفی ناوداری سەدەی بیستەم لە کتێبە بەناوبانگەکەی "کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی"دا سێ فەیلەسوفی ناوداری مێژووی فەلسەفە واتە ئەفلاتون، هێگل و مارکس لە ڕوانگەی جیاوازەوە دەخاتە بەر چەقۆی ڕەخنە و شیکاری. ئەو پێی‌وایە یەکێک لەو بوارانەی ئەو سێ فەیلەسوفە لە تیئورییەکانیان لە بواری مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە بە هەڵەدا چوون ناسینی کۆمەڵگە وەک ئۆرگانیزمێکی دیاریکراو کە هەڵسوکەوتێکی ڕوون و دیاری هەیە لە قوناغی جیاوازی مێژوودا. ئەو تێڕوانینە یەکێک لەو هۆکارانە بوون کە ئەو فەیلەسوفانە لە پێشبینییەکان بە هەڵە بچن، چونکە تایبەتمەندی هەر کۆمەڵگە و هەروەها جۆری هەڵسوکەوتی لە کات و ساتی جیاواز لەژێر کاریگەری سەدان فاکتەری جیاوازە کە لە بەرچاوگرتنی ئەو هەموو فاکتەرە مومکین نییە، هەر بۆیەش بە هیچ شێوەیەک بەتەواوی پێشبینی ناکرێت.

بۆ نمونە یەکێک لەو بابەتانەی کارل مارکس تێیدا بە هەڵە داچوو ئەوە بوو کە ژیانی مرۆڤایەتیی بە شەڕی نێوان چینەکان دەزانی و لە کۆتاییشدا سەرکەوتنی چینی کرێکار بە سەر چینی سەرمایەداریی پێشبینی کرد، کە نەک ئەو پێشبینییە ڕاست دەرنەکەوت بەڵکوو شەڕی چینایەتی کە ئەو پشبینیی کردبوو نە لە وڵاتی ئەڵمان کە لەدایک بوو، نە لە فەڕانسە کە شۆڕشی تێدا کرابوو، نە لە ئینگلیستان کە تێیدا تێزەکەی داهێنا و مرد، نە لە ڕووسیەی لێنین و ستالینی سوسیالیستی؛ واتە لە هیچ شوێنێکی دونیا بەدی نەهات. تەنانەت لە کوبای سۆسیالیست کە ئێستاش لەژێر حوکمی دیکتاتۆریی سۆسیالیستییە، هەژاری نەک بنبڕ نەکراوە، بەڵکوو ئەو وڵاتە تەنانەت یەکێک لە هەژارترین وڵاتی دونیایە.

هەر وەک برتراند ڕاسل، فەیلەسوفی ئینگلستانی دەڵێ یەکێک لەو بابەتانەی مارکسی بە هەڵدا برد وەلانانی نەتەوە بوو. ئەو بابەتە کاریگەریی لەسەر زانایان و لێکۆڵەرانی کۆمەڵناسی دانا بۆ ئەوەی لە پێشبینییەکانیان لە مەڕ کۆمەڵگە زۆر ورد بن و زۆر جاریش هەر پێشبینی ناکەن، سەڕەڕای هەموو ئەو ڕاستییانە شرۆڤەی هەندێک تایبەتمەندی هەر کۆمەڵگە دەتوانێ ئەگەر بە کەمییش بێ تیشک بخاتە سەر داهاتووی ئەو کۆمەڵگەیانە.

ڕۆژهەڵاتی نیشتمان نموونەیەکی زیندووی ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە لە ڕێگەی تایبەتمەندییەکانیەوە جیاوازییەکانی خۆی دەردەخات و ئەو جیاوازییانەش وا دەکات هیوا بە داهاتووی لەنێو هەموو تاکێک ببوژێنتەوە. یەکێک لەو جیاوازییانەی لە کۆمەڵگەی ئێمە بەڕوونی دەبیندرێ هەستی بەرزی هاوبەشی نەتەوەییە، واتە خەمێکی ورمێ هەر زوو دەبێتە خەمی کرماشان و هەر ڕووداوێکی مەهاباد لە سنەش هەستی پێ دەکرێت، ئەوەش وای کردوە کە سەرتاسەری کوردستان لە هەر ڕووداوێکدا هەر زوو لە سەر ڕووداوەکان هاودەنگ و هەماهەنگ و هاوهەست بن.

توانای خۆڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردی بێ‌وێنەیە، تەنانەت زۆر جار لە دامودەزگای حکوومەتییش باشتر دەتوانێ خۆی ڕێك بخات، ئەوەش نەک‌هەر بۆتە هۆی هیوای گەل بە داهاتوویەکەی لە هەر بوارێکەوە، لە هەمان‌کاتیشدا دوژمنی بەتەواوی ترساندوە و، ئەو ترسە ئەوەندە گەورەیە دوژمن بەردەوام لە هەوڵی سەرکوتکردنی دایە تا دیواری خۆڕیکخستنی گەل تێک بشکێنی؛ بەڵام گەل هەر ڕۆژ باشتر لە دوێنی لەو بوارەدا سەرکەوتووترە.

هەبوونی هەموو ئەو هەستانە لە چوارچێوەی تیزێکی کوردستانی و کوردی ئەوەندە بەڕوونی دیارە، کە توانیویەتی پیلانی سەد سآڵەی دوژمنان لە ژێنوساید و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی پوچەڵ بکاتەوە، تەنانەت ئەو کوردی‌بوونە کاریگەریی لەسەر دەرەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیش داناوە کە هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەویستی بەرزتر لە هەر کاتێکی دیکەیە.

هەموو ئەو ڕاستیانەی سەرەوە ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵات دەبینین و دواترین تابلۆی ئەو شکۆی نەتەوەییە لە ڕووداوی ژێر ڕنوو کەوتنی شاخەوانانی نەغەدە لە شنۆ، ناشتنی تەرمی وەرزشکارە کۆچکردووەکە لە سەقز و هەروەها ناڕازەیەتی وهاوخەمی لە گەڵ لە بنەماڵەی چوار لاوی لە سێدرادراوی نیشتمان بۆ جارێکی دیکە بە شکۆی زیادترەوە دیتمان.

دیتنی ئەو ڕاستیانە و هەستکردن بە شانازی بەتەنیا ناتوانێ یاریدەدەر بێ بۆ داهاتوو بەڵکوو بە هەند وەرگرتنی پەیامی ئەو ڕاستییانە دەتوانێ ببێتە هۆکاری هەر چی زووتر سەرخستنی بزاڤی ڕەوای گەلەکەمان و ئازادیی کورد و کوردستان، بە تایبەتی ئەو بە هەند وەرگرتنەی پەیامی کۆمەڵگە بۆ لایەنە سیاسیەکان پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

ئەو پەیامەش ئەگەر بەکورتی باس بکەین ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بۆ شۆڕش سەرمایەیەکی یەکجار زۆر گەورەیە کە هەموو پێداویستیەکانی سەرخستنی شۆڕشێکی لە خۆدا هەیە، بە ڕێکخستنێکی بەهێز کە بتوانێ ئامانج و ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجە تیئوریزە و پراکتیزە بکات وێڕای هەموو سەختیەکان سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

هەر بۆیەش بەپێچەوانەی تێڕوانینی زانایانی کۆمەڵناسی لە پێشبینی نەکردنی داهاتووی کۆمەڵگەکان، ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەندی لە ئاستێکی ئەرێنی و بەرزدان کە هیوای سەرکەوتن لە ئێمەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، بەڵام نابێ لە بیر بکەین ئەو ڕاستییانە بەرپرسیارەتیی قورس دەخاتە سەر شانی لایەنی سیاسی کە پێویستە لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا بن، ئەوکات سەرکەوتن هەم زووتر هەم بە تێچوویەکی کەمتر مسۆگەرە.