کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی شکست‌خواردوو

11:24 - 23 رێبەندان 2723

ئاسۆ مینبەری

 

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ٣٢ میلیۆن و ١٧٠ هەزار ژن لە ئێراندا هەن کە تەنیا ٣ میلیۆن و ٨٦٦ هەزار کەسیان لە دەرەوەی ماڵەوە خەریکی کار کردنن!

هەواڵدەریی ئیرنای ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە ئاوڕي لە پرسی کارکردنی ژنان داوەتەوە و نووسیویەتی: "نەوەی نوێی کچان پێیان وایە چونکە لە زانکۆکاندا دەخوێنن و لە زانستی ڕۆژ تێ‌دەگەن، دەبێ لە ئیدارە یان کۆمپانیایەک دامەزرێن و لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکەن؛ ئەم کچانە لەژێر کاریگەریی ئەو شاتەنەدا کە لە قوتابخانە و زانکۆ فێری کراون، خوێندن زیاتر بۆ بەدەستهێنانی کار و پیشە و بەرزکردنەوەی پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەبینن بەڵام ڕاستییەکە شتێکی دیکەیە."

ئەم هەواڵدەرییەی ڕێژیم دواتر بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکەی خۆی، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٦ی بەفرانباری ئەمساڵی خامنەیی لەگەڵ ژنان، بەبۆنەی ڕۆژی ژن لە ئێران کردوە و گوتوویەتی لەم دیدارەشدا، بەشێکی گرینگ لە قسەکانی خامنەیی پرسی ماڵداری و مودیرییەتی ماڵەوە لەلایەن ژنانەوە بوو!

هەر لەم چوارچێوەیەدا، لە پۆلی دوازدەدا لە قوتابخانەکانی ئێران، کتێبیک لەژێر ناوی "مودیرییەتی بنەماڵە و شێوازی ژیان_ تایبەت بە کچان" دەگوترێتەوە کە زۆر کەس بە دژەژنترین کتێبی مێژووی ناو دەبەن. بۆ نموونە لە بەشێک لەم کتێبەدا هاتوە کە کچ نابێ سەبارەت بە ئازادییە تاکەکەسییەکانی، خۆی لەگەڵ براکەی بەراورد بکات چونکە ئەو کوڕە و ئەم کچ!

یان لە بەشێکی دیکەدا، هاوسەرگیری بۆ کچ بە شتێکی زۆر گرینگ ناو دەبات و دەنووسێ: لەپێشترێتیی دەرفەتی زیڕێنی هاوسەرگیرییە و بۆ خوێندن هەمیشە کات هەیە! لە بەشێکدا کاری ماڵەوە بە ئەرکی کچ پێناسە دەکات و لە شوێنێکی دیکەدا، بە پەرەدان بە بیری پیاوسالاری و زاڵبوونی پیاو بە سەر ژندا و بەپێناسەکردنی چەمکی غیرەت، دەنووسێ: بە هەستی بەهێزبوون و پشتیوانی لە ژنان غیرەت دەگوترێ و پیاوی غیرەتی لەسەر شێوازی جلوبەرگی ژنان هەستیارە!

بە سەرنجدانێک بەم بابەتانەی کە باس کران، تێ‌دەگەین کە ڕێز و پێگەی ژن لای کۆماری ئیسلامی چۆنە! کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتر، هاتووەتە نێو تایبەتیترین بەشەکانی ژیانی ژنانەوە و هەموو ئامانجەکەشی پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی خۆیەتی.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە خامنەیی لە قسەکانی خۆیدا لە دیدارەکەی مانگی بەفرانباردا کە ئاماژەی پێ کرا گوتوویەتی ڕوانگەی ئیسلام لە پرسی ژندا، ڕوانگەیەکی لۆژیکی و ئیستدلالییە، بەڵام ڕوانگەی ئورووپا، تەنیا بۆ قازانج و چێژوەرگرتنە!

لانیکەم هەموومان باش دەزانین کە لە وڵاتانی ئورووپاییدا، چۆن ژنان توانیویانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریشدا ڕۆڵ ببینن و بەبێ سەرنجدان بە ڕەگەزیان ڕێگای پیشکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ هەموار بکرێ.

پەراوێزخستنی ژنان لە یەکەمین ڕۆژی هاتنەسەرکاری رێژیمی ئێرانەوە، هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەبووە. جارجار لە کۆبوونەوەی لەو چەشنەدا، خودی خامنەیی یان یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن بە پیرۆزنیشاندانی ئەرکی ماڵداری، کەڵئاوەژوو لە هەستیاربوونی ژنان بەنسیبەت بنەماڵە و منداڵەکانیان وەربگرن و وایان بۆ پێناسە بکەن کە ئەرکە سەرەکییەکەیان خزمەت بە بنەماڵەیە و ئەگەر لەو چوارچێوەیە بترازێن، پیرۆزبوونی خۆیان وەکوو دایک و وەکوو هاوسەر لەدەست دەدەن. دروستکردنی هەستی گوناح لە ژناندا، بۆ ڕێژیم زۆر ئاسانە، لانیکەم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەمەمان بینیوە کە هەمیشە لە میدیاکانی خۆیدا، ژنانێکی نیشان داون کە دەستیان لە داهاتوو و ژیانی خۆیان شۆردووتەوە و تەنیا ویستوویانە خزمەت بە بنەماڵەکەیان بکەن، چونکە پێیان وتوون بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە!

پێناسەکردنی ئەرک بۆ ژنان، بەپێی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم، پرۆژەیەکی چەند ساڵەیە، لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ دەکات و دواتریش لە لە ڕێگەی میدیاوە، بنەماڵەکانیش بۆ وەرگرتنی ئەم بیرکردنەوەیە ئامادە دەکات، بە جۆرێک کە لادان لەم چوارچیوەیە وەکوو تاوانێکی گەورە چاوی لێ ئەکرێت و ئەوەی کە لای داوە، سزاشی بەسەردا دەسەپێت!

هەمیشە ژن لای کۆماری ئیسلامی وەکوو ئامرازێک بەکار هێنراوە، جارێک ژنان کۆ دەکرێنەوە تاکوو پێیان بوترێت کە ڕەسەنترین کای ئێوە هەمان ماڵداری و بەخێوکردنی منداڵە، جارێکیش لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا، دەیانکەن بە بووكەڵەیەک بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکەی خۆیان و لە تەلەڤیزیۆندا ڕێک بەپێچەوانەی چوارچێوەکەی خۆیان ئیزنی دەرکەوتنیان پێ دەدەن!

بەراوردکردنێکی دۆخی ژنان لە ئێران و ئورووپا، قسەکەی خامنەیی بەتەواوەتی دەباتە ژێر پرسیارەوە، بەپێچەوانەی کۆمەڵگەی ئێران کە وەکوو زیندانێکی گەورە بۆ ژنانە، کۆمەڵگەی ئورووپایی زۆر جار بۆ ژنانی وڵاتەکەی خامنەیی باشترین شوێن بۆ گەشەکردن بووە!

کۆماری ئیسلامی بە سەرقاڵکردنی ژنان بە کاری ماڵەوە، هەمیشە لە هەوڵدا بووە کە نیوەی وزەی کۆمەڵگە لە بنەڕەتدا بێدەنگ بکات، چونکە بێگومان بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نیوە ئاسانتر لە هەمووە! بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵە ئیدئۆلۆژیکەکان و پرۆسەی  پەروەردەی چەندین ساڵە، شکستخواردووی مەیدانەکە کۆماری ئیسلامی بوو، بەتایبەت لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئەوە ژنان بوون کە تەواویەتی ڕێژیمیان خستە لەرزەوە و وزەیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بیری چەقبەستووی ڕێژیم بەکار هێنا.

ژنان بە تێکۆشانی خۆیان سەلماندوویانە کە هیچکات قەتیس ناکرێنەوە و بۆ شەڕ لەگەڵ دواکەوتوویی و یاسای دژەژن هەمیشە ئامادەی مەیدانی خەباتن.