کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی خولی دووهەمی وتووێژەکان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق

11:27 - 23 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، خولی دووهەمی وتووێژەکانی نێوان بەغدا و واشنگتۆن لە بەغدا، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی پێ هات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان سێ لیژنەی دوو قۆڵی بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی تەواوکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پێکهێنراون و سەبارەت بە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولاش لە دوو حەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتن کراوە.

بە وتەی وتەبێژی فرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەم خولەی وتوویژەکان دوای پچڕانێکی کاتی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لایەن دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و کوژرانی ژمارەیەکیان دەستی پێ کردەوە.

یەحیا ڕەسووڵ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کۆبوونەوانە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی نیزامی و ئاستی مەترسی، شوێنی عەمەلیاتەکان و تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، کە لەسەر ئەم بنەمایە، خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕکردن دژی داعش لێکدانەوەی بۆ دەکرێ.

عێراق لە مانگی ڕابردوودا و دوای زنجیرەیەک هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان لەم وڵاتە ڕایگەیاند کە لەگەڵ واشنگتۆن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دەستپێکردنی وتووێژ لەسەر داهاتووی هاوپەیمانیی نیزامی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق، بەمەبەستی دیاریکردنی کاتی کشانەوەی ئەو هێزانە لە وڵاتە ڕێککەوتوون.

جێگەی ئاماژەیە جگە لە بوونی سەدان سەربازی وڵاتانی دیکە، ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراقدا هەیە کە ئەرکیان یارمەتیدانی هێزە عێراقییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعشە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە ناوچەیەکی بەربڵاوی عێراق و سووریەی داگیر کرد.

عێراق پێی وایە بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیا عێراقییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیری، کە لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززەوە زیادی کردووە.