کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین لە ماوەی ڕابردووەدا ٣٥٩ دڕۆنی شاهێدی خستووەتە خوارەوە

11:30 - 23 رێبەندان 2723

ڤێلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین وتوویەتی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ـەوە، بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە ٣٥٩ دڕۆنی شاهێدی ئێرانی خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرابوون.

سەرۆککۆماری ئۆکراین لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان ڕایگەیاند: ''تەنیا لە شەوی ڕابردووەوە تا ئەم بەیانییە ٤٠ دڕۆنی شاهێد تێک شکاون.''

بە وتەی زێلێنسکی، ٣٥٩ درۆنی شاهێد لە ناوچە جیاجیاکانی ئۆکراین لەوانە کیێڤ، ژیتۆمیر، ڤینیتسیا، ئۆدێسا، میکۆلایڤ، خەرسۆن و چێرکاسی خراونەتە خوارەوە.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە لە هەوڵدایە کاریگەریی گرووپەکانی ''تەقەی گەڕۆک'' زیاد بکات، جەختی لەوە کردەوە کە داپۆشینی ناوچەکانی زیاتری ئۆکراین بە سیستمی شەڕی ئەلیکترۆنی، یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەمساڵە.

لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە، ڕووسیە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دڕۆنی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر شارەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە ئۆکراین کەڵکی وەرگرتووە.

جێگەی ئاماژەیە سەرەڕای پشتڕاستبوونەوەی سەدان بەڵگە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ڕەتی دەکەنەوە کە چەک و دڕۆنیان بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکراین ناردبێت.