کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە شێوەی نایاسایی هەوڵی دەستخستنی تێکنۆلۆژییەکانی ئەمریکا دەدات

12:24 - 23 رێبەندان 2723

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ئەمنییەتی ئەمریکا سەبارەت بە هەبوونی پێکهاتە هەستیارەکانی دروستکراوی ئەو وڵاتە لە کەلوپەلی وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت لەنێو چەکوچۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی، هۆشداری دا.

جیم مانکۆسۆ جێگری یەکەی بازرگانیی جیهانی لە وەزارەتی ئەمنییەتی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی "ئەی بی سی" سەبارەت بە دۆزینەوەی پێکهاتەی هەستیاری ئەمریکی لەنێو ئەو دڕۆنانەی کە لە شەڕی ئۆکراین و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەکار هاتوون وتی: لەم دڕۆنانەدا پێکهاتەگەلێکی هەستیاری "میکرۆ ئێلێکترۆنیک" هەیە کە دروستکراوی کۆمپانیا ئەمریکاییەکانە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر، بینراون.

بە وتەی مانکۆسۆ، سێ وڵاتی ئێران، چین و ڕووسیە لە تۆڕێکی بەربڵاو کە دژ بە یاسا بازرگانییەکانە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژییەکانی ئەمریکا کەڵک وەردەگرن.

مانکۆسۆ سەبارەت بە گەیشتنی ئەم پێکهاتانە بە ئێران دەڵێت: چەند تۆڕێکی لۆجێستیکی تایبەت هەیە کە بە گۆڕینی پاکێجەکان و هەناردەکردنیان بۆ وڵاتی چین، ئامادەکاری دەکەن تا لە کۆتاییدا لە ڕێگەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی ئێرانەوە بگاتە دەستی کۆماری ئیسلامی.

ئەم بەرپرسە زیادی کردووە کە وڵاتی ڕووسیەش بە هەمان شێوەی نایاسایی پێکهاتە تێکنۆلۆژییەکانی ئەمریکا بەکار دێنێت و بەتایبەتی لە شەڕی ئوکڕاین کەڵکی لێ وەردەگرێت.

هەندێک لەم کەرەستانە وەک میکرۆچیپەکان لەنێو کەلوپەلی ڕۆژانەی نێو ماڵەکاندا دەبیندرێت.

دەوڵەتی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە تا لە ڕێگەی یاسا جۆراوجۆرەکانی بازرگانییەوە پێش بە هەناردەی ئەو پێکهاتانە بۆ وڵاتانی قەدەغەکراو وەک چین و ئێران و ڕووسیە، بگرێت.

دەوڵەتی بایدێن خەزەڵوەری ئەمساڵ بە ئامانجی دەستڕانەگەیشتنی ئەم سێ وڵاتە بە میکرۆچیپی دروستکراوی کۆمپانییە ئەمریکاییەکان، هەناردەکردنی ئەم پێکهاتانەی بۆ چین و ڕووسیە و ئێران، قەدەغە کرد.

 

شایانی باسە کە سەرەڕای ئەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، تاکوو ئێستا پێش بە هەناردەی ئەم پێکهاتە گرینگانە، نەگیراوە.