کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی گەمان: ٧٧ لەسەدی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمەدا ناکەن

12:27 - 23 رێبەندان 2723

ڕاپرسییەکی نوێی دامەزراوەی "گەمان" لەژێر ناوی "هەڵوێستی ئێرانییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢" دەریدەخات کە ٧٧ لەسەدی خەڵک، نایانەوی بەشداری لە سانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوەیە، ئەم ڕاپرسییە لە نێوان ڕۆژانی ١١ تا ١٨ی ڕێبەندان ئەنجام دراوە و تەنیا نزیکەی ١٥ لەسەدی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا بەشداری دەکەن.

یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕاپرسییە ئەوەیە کە نزیکەی ٣٨ لەسەدی کۆمەڵگە ئاگاداری بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕەشەمەی ئەمساڵدا نەبوونە کە ئەمە ئاماژەیەک بۆ بێبایەخیی پرسی هەڵبژاردنەکان لای خەڵکە.

هەروەها ئەم ڕاپرسییە دەریدەخات کە ٣٩ لەسەدی ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە ساڵی ١٣٩٨دەنگیان داوە، نایەنهەوێت بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا بکەن.

بەشێک لەم ڕاپرسییەدا وڵامی پرسیاری "کۆماری ئیسلامی: بەڵێ یان نەخێر؟" لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا دراوەتەوە کە لە ئاکامدا نزیکەی ٧٥ لەسەدی بەشداربووان "نا بۆ کۆماری ئیسلامی"یان هەڵبژاردووە.

هەروەها دامەزراوەی گەمان لەبارەی شەڕی غەزز پرسیارێکی ئاراستەی بەردەنگەکانی کردووە کە نزیکەی  ٣٥ لەسەدی بەشداربووان حەماسیان بە تاوانباری سەرەکیی ئەم ململانێیە زانیوە .

هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە لە ئێران بەڕێوە دەچێت و بەشدار نەبوونی خەڵک و گرینگینەدانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەم پرسە، نیگەرانیی ڕێژیم و بەتایبەت عەلی خامنەیی لێ کەوتووتەوە.