کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفا عائێلی سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

12:31 - 23 رێبەندان 2723

سەفا عائێلی خاڵۆی شەهید ژینا ئەمینی لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەفا عائێلی خاڵۆی شەهید ژینا ئەمینی لەڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ  و هەروەها  بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە خامنەیی، سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە سزاکەی سەرجەم ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە "قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێرانیشی لێ قەدەغە کراوە.

بەشێکی دیکە لە سزا سەپێندراوەکان بە سەر ناوبراو,  نووسینی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کوژراوە، ناوبراو دەبێت بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بەو ژیاننامەیە  بەشێوەی وتار لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی شاری سەقز بڵاو بکاتەوە.

سەفا عائیلی ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر پاش تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و دووسەد میلیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.