کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی دووبارەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان

15:59 - 23 رێبەندان 2723

گرووپی حوسییەکان لە درێژەی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوە ئاوییە نێونەتەوەییەکاندا، هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بازرگانیی دیکە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕێبەندان، کۆمپانیای ئەمنییەتی دەریایی "ئامبری" باسی لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی بابولمەندەب کرد.

ئەم کەشتییە یۆنانییە کە بە ئاڵای مارشاڵ خەریکی هاتوچۆ بووە بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج و خەساری زۆری بەر کەتووە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی دەریایی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە هێرشی مووشەکی لە گەرووی بابولمەندەب ڕاپۆرتێکی پێ گەیشتووە.

ناوەندی عەمەلیاتی بازرگانیی ئەرتەشی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە لەم هێرشەدا کەسێک بریندار نەبووە و کەشتییەکە بەرەو لای بەندەری دوایی بەڕێوەیە.

حوسییەکانی یەمەن سەرەتا ڕایانگەیاند کە تا کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییەکانەی کە ئامانجیان ڕۆیشتن بۆ ئیسرائیل لە دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن بێت، بەڵام ئێستا هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەڕۆ نێونەتەوەییەکان لەلایەن ئەم گرووپەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێ، دەکرێنە ئامانج کە ئەمە کاردانەوە و هێرشی بەرانبەری ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە خاکی یەمەن بە دواوە بووە.