کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی یەک ملیۆن قوتابی بۆ سەفەرە زۆرەملێیەکانی ''ڕاهیانی نوور'' لە ئێران

16:04 - 23 رێبەندان 2723

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی‌ ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بڕیارە ئەمساڵ، بە مەبەستی سەردانی ناوچەکانی شەڕ لە سنووری پاریزگای خووزستان و شارەکانی دێهلۆڕان و مێهران لە پارێزگای ئیلام، یەک میلیۆن قوتابی ڕەوانەی سەفەرەکانی ڕاهیانی نوور بکرێن.

سەفەرەکانی ڕاهیانی نوور لە ساڵی ٦٧ی هەتاوییەوە دەستیان پێ کردووە و هەموو ساڵێک بوودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخان دەکرێ.

بەپێی زانیاییەکان، لە ساڵی ١٤٠٢دا، ١٥ میلیارد تمەن بوودجە بۆ ئەم سەفەرانە بە شارەداریی تاران دراوە.

بەرپرسی ستادی ڕاهیانی نوور ڕایگەیاندووە کە سەفەرەکانی ئەمساڵ لە ٢٢ی ڕێبەندانەوە هەتا ٢٢ی ڕەشەممە بەڕێوە دەچن.

سەفەرەکان ٥ ڕۆژ دەخایێنن و تێچووی ئەو چەند ڕۆژەش یەک میلیۆن تمەن و لە هەندێ قوتابخانەشدا، یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە.

لە ماڵپەڕێ ستادی ڕاهیانی نووردا هاتووە کە کاریگەرییەکانی ئەم سەفەرانە لەسەر بەرەی نوێ و ئاشنابوونەوەیان لەگەڵ بایەخەکانی کۆماری ئیسلامی، وای کردووە کە ئەم سەفەرانە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە بچنە چوارچێوەی وانەی قوتابخانەکانەوە و لە وانەی "ئامادگی دفاعی"دا جێ بگرن.

لە ساڵی ٩٦دا، بەرپرسی ڕاهیانی نووری سپا و بەسیج ڕایگەیاند کە ئەم سەفەرانە بە دڵخوازی قوتابییان و پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەکانیان ئەنجام دەدرێن، ئەمە لەحاڵێکدایە کە زۆربەی بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم سەفەرانە بە شێوەی زۆرەملێ ئەمجام دەدرێن و ئەگەر قوتابییان بەشداری لەم سەفەرانەدا نەکەن، نمرەی وانەکانیان کەم دەکرێتەوە.

ئەم سەفەرانە لە ساڵانی ڕابردوودا، بە هۆی وەرگەڕانی ئوتووبووس و ڕووداوی هاتوچۆ، گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان و لە ئاکامدا ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانیان لێ کەوتووەتەوە.

لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١دا، بە هۆی بەربوونەوەی ئوتووبووس ٢٦ کچی قوتابیی شاری برووجن بوونە قوربانی و گیانیان لەدەست دا.

لە ٢١سەرماوەزی ١٣٩٦یشدا، هەشت قوتابیی دیکە لە ڕووداوی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست دا.

ڕێژیم بە مەبەستی بەرەوپیشبردنی ئیدئۆلۆژیی خۆی و بە تەرخانکردنی بوودجەی زۆر، هەوڵ بۆ بارهێنانی قوتابییان لەم چوارچێوەیەدا دەدات و بەداخەوە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان دەبنە قوربانیی سیاسەتە نگریسەکانی ئەم ڕێژیمە.