کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئیسرائیل و حەماس و هێرشەکانی حوسییەکان ئابووریی جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە

11:18 - 24 رێبەندان 2723

سەرۆکی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە و هێرشەکانی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کەناراوەکانی یەمەن، هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، کریستالینا جۆرجیوا لە دانیشتنی بەرپرسانی دەوڵەتانی جیهان، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان لە دوبەی ڕایگەیاند، شەڕی کەرتی غەززە هەر لە ئێستاوە کاریگەریی لەسەر ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا داناوە و نیگەرانیی خۆی لە درێژبوونەوەی شەڕەکە دەربڕی. بە وتەی ئەو، ئەگەر شەڕەکە درێژخایەن بێت، مەترسیی پەرەگرتنی هەیە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کریستالینا جۆرجیوا وتی ئێمە شاهیدی بڵاوبوونەوەی ململانێکان لە ناوچەی کەناڵی سۆئێزین کە بۆ بازرگانیی جیهانی زۆر پێویستە.

کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ژانوییەدا هۆشداری دابوو کە ڕێژەی هاتوچۆی بازرگانی لە کاناڵی سۆئێز، لە دوو مانگی پێشوودا زیاتر ٤٠ لەسەد دابەزیوە.

هەفتەی ڕابردووش ڕێکخراوی گەشەپێدان و هاوکاریی ئابووریی جیهانی سەبارەت بە مەترسیی هەڵاوسانی جیهانی لە ئەگەر بەردەوامیی هێرشی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور هۆشداریی دا.