کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەستەوداوێنی ئایینی ئیسلام بووە

12:00 - 24 رێبەندان 2723

لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بەرپرسانی ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدەن.

یەکێک لە ئەندامانی حیزبی موئتەلفەی ئیسلامی، سەبارەت بە بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاندووە کە ئیسلام و کۆماری ئیسلامی، دەنگدانیان بە واجب زانیوە بۆیە ئەگەر کەسێک بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا نەکات، تووشی تاوان بووە.

حەمیدڕەزا تەرەقی لە قسەکانیدا وتوویەتی ئەوەم قەبووڵ نییە کە دەڵێن هەڵبژاردنەکان گرینگییەکیان بۆ خەڵک نییە، ئەم ڕوانگە لەلایەن دژبەرانی ئینقلاب و دوژمنانی دەرەکی و هەندێ لە ڕەوتە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵاتەوە پەرەی پێ دراوە.

ناوبراو لە چەواشەکارییەکی تەواودا وتوویەتی لەو ڕووەوە کە کۆماری ئیسلامی لەسەر دەنگی خەڵک دامەزراوە، پێویستە خەڵک لە مافی یاسایی خۆیان واتە دەنگدان کەڵک وەرگرن، چونکە دەنگدان وەکوو باقی حوکمە شەرعییەکان، واجبە و دەبێ لەبەرچاو بگیردرێ.

ناوبراو لە دریژەدا رای خۆی سەبارەت بە ریژەی بەشداتی لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە و وتوویەتی پێم وایە کە زیاتر لە ٥٥ لەسەدی خەڵک بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی رێژیم لەکاتێکدایە کە هەر دوێنێ، دامەزراوەی گەمان ڕایگەیاند کە ڕاپرسییەکی نوێی ئەەم دامەزراوە لەژێر ناوی "هەڵوێستی ئێرانییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢" دەریدەخات کە ٧٧ لەسەدی خەڵک، نایانەوی بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا بکەن.

بەرپرسانی ڕێژیم لە ترسی بەشدارینەکردنی خەڵک، دەستەوداوێنی ئایین بوونە و دەیانەوێ لە رێگەی بەتاوان ناوبردنی بەشدارینەکردن و دروستکردنی هەستی تاوان لە تاکەکاندا ناچاریان بکەن کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیم بڕیارە ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە لە ئێران بەڕێوە بچن و بەشدارنەبوونی خەڵک و گرینگینەدانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەم پرسە، نیگەرانیی ڕێژیم و بەتایبەت عەلی خامنەیی لێ کەوتووتەوە.