کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا پلانەکەی فەرانسە بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلی ڕەت کردەوە

12:05 - 24 رێبەندان 2723

فەرانسە لە دەسپێشخەرییەکی دیپلۆماتیکدا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، پێشنیاری داوە تاکوو هێزەکانی حیزبوڵڵا بە مەودای ١٠ کیلۆمیتر لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکەونەوە کە حیزبوڵلای لوبنان ئەم پێشنیارەی ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئەم پێشنیارەی فەرانسە بە ئامانجی پێشگرتن لە گرژییەکانی پاش دەسپێکی شەڕ لە غەززەیە تاکوو بتوانێت لەم ڕێگەوە پێش بە تێکهەڵچوونەکان لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل بگرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە زاری چەند بەرپرسی لوبنانی و فەرانسەییەوە، ئەم بەڵگەنامەیە یەکەم پێشنیاری نووسراوە کە ڕادەستی بەرپرسانی باڵا و سەرۆکوەزیرانی لوبنان کراوە، ئەمەش پاش چەند حەفتەیەک نێونجیگەریی ڕۆژاوا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی فەرانسەوە حەفتەی ڕابردوو پێشکەش کراوە.

ئەم پێشنیارەی فەرانسە بریتییە لە دانیشتن و وتووێژ لەسەر دیاریکردنی ئەو سنوورانەی کە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان ناکۆکییان لەسەرە.

حیزبوڵڵای لوبنان هەر چەشنە وتووێژ و دانیشتنێکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی، تا تەواونەبوونی شەڕ لە غەززە ڕەت دەکاتەوە.

پێشتریش هەر ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە ڕایگەیاندبوو کە حیزبوڵڵای لوبنان پێشنیاری "ئاموس هاشتاین" نوێنەری تایبەتی جۆ بایدێنی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیسرائیل و لوبنان، ڕەت کردووەتەوە.

هاوکات  ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەم پرسە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەری بۆ نەکرێت، بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی سنوورەکانیان لە باکوری ئیسرائیل، لە ڕێگەی ئەرتەشەوە چارەسەری بۆ دەکەن.

حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵلای لوبنان لە وتارێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم هەڕەشانەی ئیسرائیل بە مانای قۆناغێکی دیکەی شەڕە کە پاش شەڕی غەززە هێزەکانی بۆ سنووری لوبنان دەگوازێتەوە.

نەسروڵڵا زیادی کردووە لە ئەگەری ئەم حاڵەتەدا، حیزبوڵڵای لوبنان بەدەر لە هەر چەشنە یاسا و سنوورێک ئامادەی شەڕکردن دەبێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا سەبارەت بە توانای حیزبوڵلای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت نیگەرانن و ڕایانگەیاندووە کە ئەم گرووپە توانای زیادتری لە گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی وەک داعش بۆ هێرشکردن لە نێو خاکی ئەمریکادا هەیە و سەبارەت بەم پرسە هۆشدارییان داوە.