کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین: سپای پاسداران مەشق و ڕاهێنان بە سەربازانی ڕووسیە لە سووریە دەکەن

12:33 - 24 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراین ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بۆ بەکارهێنانی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاهێنان بە سەربازانی ڕووسیە لە سووریە دەکەن.

 ڕاهێنانەکە بریتی لە بەکارهێنانی دڕۆنی "شاهێد" و "ڕەعد"  لە بنکەی ئاسمانی "ئەلشەیرات" لە باکووری سووریەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەربازانی ڕووسیە لە کۆتایی ماوەی مەشق و ڕاهێنانەکانیاندا دەگەڕێنەوە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراین.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراین، ئەندامێکی حیزبوڵڵای لوبنان بە ناوی کەمال ئەبوو سدیق کە شارەزای بەرهەمهێنان و کارپێکردنی دڕۆنە، بەرپرسی مەشق و ڕاهێنانەکانی لە ئەستۆیە.

لە ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی ئۆکرایندا هاتووە کە جگە لە سەربازانی ڕووسیە، سەربازانی سووریاش بەشداری لەو مەشق و ڕاهێنانانەدا دەکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی زانست و تێکنۆلۆژیی دەریایی خامنەیی لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمدا، ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.