کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلان ماسک فرۆشتنی ستارلینک بە ڕووسیەی ڕەت کردەوە

18:25 - 24 رێبەندان 2723

ئیلان ماسک، میلیاردێری ئەمریکایی و دامەزرێنەری کۆمپانیای تێکنۆلۆژیی ''سپەیس ئیکس''، لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتە ئەمنییەکانی ئۆکراین، فرۆشتنی ستارلینکی دروستکراوی کۆمپانیاکەی خۆی بە ڕووسیەی ڕەت کردەوە.

ئیلان ماسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی، هەندێک لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە سپەیس ئێکس وێستگەکانی ستارلینکی بە ڕووسیە فرۆشتووە، کە ئەمە دوورە لە ڕاستی. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: ئەوەندەی ئێمە دەزانین هیچ وێستگەیەکی ستارلینک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە ڕووسیە نەفرۆشراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دەزگای هەواڵگریی نیزامیی ئۆکراین ڕایگەیاندووە، هێزە هێرشبەرەکانی ڕووسیە بۆ هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئۆکراین، کەڵک لە وێستگەکانی ستارلینک وەردەگرن.

دەزگای هەواڵگریی نیزامیی ئۆکراین بۆ سەلماندنی ئەم ئیدعایە باسی لە نێوەڕۆکی وتووێژی دوو سەربازی ڕووسی سەبارەت بە بەکارهێنانی ستارلینک کردووە کە وەکوو بەڵگە لەبەر دەستیدایە.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەلایەن میدیاکانی ئۆکراینەوە سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی هێزەکانی ڕووسیە لە ستارلینک لەبەرەی شەڕ لەگەڵ ئەم وڵاتەدا بڵاو کرانەوە.

 ئەو هەواڵانە سپەیس ئیکسیان ناچار بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک کرد کە تێیدا باس کراوە کە هیچ بازرگانییەک لەگەڵ حکومەتی ڕووسیە و ئەرتەشی ئەو وڵاتە ناکات.