کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان سپاسی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کرد

18:27 - 24 رێبەندان 2723

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ سووریە، جگە لە سەرکردەکانی دەمشق، لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی فەلەستینیش لە سووریە دیداری کرد.

لەو سەردانەدا ئەمیرعەبدوڵڵاهیان جارێکی تر بەبۆنەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ناوسراو بە "تووفانی ئەقسا"، پیرۆزبایی له به‌رپرسانی گرووپه فەلەستینییه‌کان کرد و وتی له دوای ئەم هێرشانە ئیسرائیل تێک شکا و ئەگەر ئەمریکا پشتیوانیی ئیسرائیلی نەکردبا، ئیسرائیل بە تەواوەتی دەڕووخا.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، سەبارەت بە عەمەلیاتەکانی حیزبووڵلای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و باقی گرووپە میلیشاییەکان بۆ پشتیوانی لە حەماس سپاسی کردن و وتی: هاوکات لەگەڵ هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پرسی فەلەستین بوو بە گرینگترین پرسی جیهان.

ڕێژیمی ئێران، سووریە بە یەکێک لە سەرەکیترین بەشەکانی میحوەری موقاومەت دەزانێ، ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە ١٥ی ڕەزبەرەوە و لە پاش دەسپێكی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە، تاکوو ئێستا، سووریە سەبارەت بەم شەڕە هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.