کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە پرسی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم بۆ خەڵک ئاسایی بکاتەوە

18:29 - 24 رێبەندان 2723

وەزیری دەرەوەی پێشوو و بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا دەتوانێت بۆمبی ئەتۆم دروست بکات.

عەلی ئەکبەر ساڵحی لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا و لە وڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکە سەبارەت بە توانای ڕێژیم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم وتی: ئێمە لە ئێستادا هەموو پێداویستییەکان و تێکنۆلۆژیی ناوکیی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆممان هەیە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم بە پشتبەستن بە فتوای عەلی خامنەیی سەبارەت بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم، ڕایانگەیاندبوو کە ڕێژیم نایهەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

خامەنەیی پێشتر لە چەند کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمدا ڕایگەیاندبوو کە بەپێی شەرع، بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی حەرام و دروستکردن و ڕاگرتنیشی ناپەسەندە.

پەیمانگای زانست و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی لە واشنگتۆن لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندبوو کە رێژیمی ئێران لە یەک حەفتەدا دەتوانێت بۆمبێک و لە ماوەی مانگێکیشدا دەتوانێت ٦ بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.

لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێستادا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەوڵی زیاترکردنی ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆمە و ڕێگریی لە چاوەدێرییەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی بۆ وێستگە ناوکییەکانی دەکات.

ڕافائێل گرووسی بەرپرسی گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی مانگی ڕابردووڕایگەیاندبوو کە "کۆماری ئیسلامی بە بیانووی نەتەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانسەوە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو ئاژانسە بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە.

پێشتر بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەوتی ئاژانس لەهەمبەر بەرنامە ناوکییەکانی ئێران ڕخنەی گرتبوو کە ئاژانسی وزە بە هۆی هەوڵەکانی ئەمریکاوە هاوکاریی پیشەی ناوکیی ئێران ناکات.

 

شایانی باسە کە لە مانگەکانی ڕابردوو بەرپرسانی ڕێژیم لە چەند بەرنامە و وتووێژی جیاوازی میدیاییدا سەبارەت بە پرسی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پرسیاریان لێکراوە کە وێدەچێت بەشێک لە هەوڵەکانی ڕێژیم بێت بۆ ئاساییکردنەوەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم.