کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەیەکی شیرکەتی ماهان ئەیر کە دەستی بەسەردا گیرابوو ڕادەستی ئەمریکا کرایەوە

18:31 - 24 رێبەندان 2723

وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، جێبەجێکردنی فەرمانی کۆتایی بۆ دەسبەسەرداگرتنی فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری بوینگ ٧٤٧ی ڕاگەیاند کە پێشتر سەر بە کۆمپانیای ماهان‌ئەیری سەر بە سپای قودس بووە.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا، دەوڵەتی ئارژانتین ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، دوای فەرمانی یەکلاکەرەوەی دەسبەسەرداگرتنی فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری بۆینگ ٧٤٧ کە لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ لەلایەن دادگای واشنگتۆنەوە دەرچوو، فڕۆکەکەی ڕادەستی ئەمریکا کرد و ئێستا ئەو فڕۆکەیە گەیشتووەتە باشووری فلۆریدا.

مەتیۆ ئۆلسن، جێگری دادگوستەریی گشتیی بەشی ئەمنییەتی نیشتمانیی وەزارەتی داد لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەم فڕۆکەیە کە لە ئەمریکا دروست کراوە لەلایەن کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی گەمارۆدراوی ئێرانییەوە، لە مامەڵەیەکدا کە یاساکانی کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی ئەمریکایی و ڕاستەوخۆ بۆ قازانجی سپای پاسداران کە خۆی ڕێکخراوێکی تێرۆریستە، گواستراوەتەوە.

هەروەها مێتیۆ ئەکسێلراد، جێگری وەزیری بازرگانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێساکانی هەناردەکردن، لەم پێوەندییەدا وتی: ماهان ئەیر کە بە گواستنەوەی چەک و هێزەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا ناسراوە، بە فرۆشتنی ئەم فڕۆکەیە بە شیرکەتێکی فڕۆکەوانیی ڤێنزوێلا، سنووردارکردنی هەناردەکردنەکانی ئێمەی پێشێل کردووە. ئێستا ئەو فڕۆکەیە موڵکی دەوڵەتی ئەمریکایە.

بە وتەی ئەکسێلراد، هێنانی ئەو فڕۆکە دەسبەسەرداگیراوە بۆ ئەمریکا نموونەیەکی بەهێز لە هەوڵە بێوچانەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە کەڵکوەرگرتن و قازانجکردنی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە تێکنۆلۆژیی ئەمریکایە.

ئەم فڕۆکە بارهەڵگرەی جۆری بوینگ ٧٤٧ سەر بە کۆمپانیای "ئیمتراسور"ی ڤێنۆزۆئێلا بوو، کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە کۆمپانیای ماهان ئەیری ڕێژیمی ئێران کڕدرا، ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییە سەر بە سپای پاسدارانە کە ئەمریکا وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندوویەتی.

 

ئەو فڕۆکەیە لە ١٦ی جۆزرەدانی ساڵی ڕابردوودا لە مێکزیکەوە هاتە نێو ئارژانتین و دوای دوو ڕۆژ بەرەو ئۆرۆگۆئە فڕی، بەڵام ئۆرۆگۆئە ڕێگەی بەو فڕۆکەیە نەدا و ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ ئارژانتین.