کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی دووبارەی ئاژانسی وزەی ناوکی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران

10:43 - 25 رێبەندان 2723

ڕافائێل گرووسی بەرپرسی گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئیسلامی هۆشداریی دا و ڕایگەیاند بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بە تەواوی ڕوون نییە.

پاش قسەکانی عەلی ئەکبەر ساڵحی بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران سەبارەت بە توانای ڕێژیم بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ڕافائێل گرووسی لە دانیشتنێکدا کە لە دوبەی بەڕێوەچوو وتی: بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بە تەواوی ڕوون نییە و ئەم بابەتە مەترسییەکان زیاتر دەکات.

گرووسی بە ئاماژەدان بە قسەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ساڵحی وتی: بەردەوام سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی لە ئێراندا قسەگەلێک دەکرێت، بەتایبەت لەم دواییانەدا کە ڕایانگەیاندووە هەمووشتێکمان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم هەیە.

عەلی ئەکبەر ساڵحی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنییدا لە وڵامی پرسیاری پێشکەشکار سەبارەت بە توانای ڕێژیم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم وتی: ئێمە لە ئێستادا هەموو پێداویستییەکان و تێکنۆلۆژیی ناوکیی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆممان هەیە.

پاش هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ زلهێزەکان ناسراو بە بەرجام، ڕێژیم پیتاندنی ئورانیۆمی تا ڕێژەیەکی زۆر بەرز، زیاتر کردووە.

زۆربەی لێکۆڵەران و سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئێستادا ئێران ڕێژەی پێویستی ئورانیۆمی پیتێندراو بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لەبەر دەستدایە.