کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نییە

11:15 - 25 رێبەندان 2723

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە تاقیکاریی موشەکێکی بالستیک لەلایەن سپای پاسداران و هەڵسوکەوتی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لەسەر بڕیارە ناوچەییەکانی ئەمریکا کاریگەریی نابێ.

مەتیۆ میلێر، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان لە کۆنفرانسیکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ئەگەر مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە  تاقیکاریی مووشەکی بالستیک گوشارخستنە سەر ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، پێویستە بزانێت کە ئەم کارانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکانی ئەمریکا نابێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم لەوانە گرووپی حەماسی بە هۆکاری ئاڵۆزیی ناوچەکە ناو برد و وتی: هەوڵەکانی ئەمریکا لە ڕاستای سەقامگیرکردنی ناوچەکە، پێشگرتن لە دەرگیرییەکانی داهاتوو و جێگیرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە نیابەتەکانی لە ناوچەکە و پشتیوانی لە کردەوەی ئەو گرووپانە کە سەقامگیریی ناوچەکەیان تێک داوە، سپای پاسداران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە بۆ یەکەم جار مووشەکی بالستیکی دوورمەودای  لەسەر کەشتیێکەوە لە دەریای عومان تاقی کردووەتەوە.

هەواڵدەریی فەرانسە ڕایگەیاندووە کە دوو موشەکی بالستیک لە ناوگانی دەریایی شەهید مەهدەویی سپای پاسدارانەوە لە کاتی مانۆڕێکی دەریاییدا تاقی کراونەتەوە.

دەوترێت کە ئەم مووشەکانە دەتوانن تا مەودای ١٧٠٠ کیلۆمیتر ئامانجەکانیان بپێکن.