پاش هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی سپای قودس و میلیشیاکانی ڕێژیم لە عێراق و سووریە، جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا بەهۆی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بووەتەوە.
ڕاجێر ڤیکێر کۆماریخوازی باڵای لیژنەی هێزە چەکدارەکان لەم پێوەندییەدا وتی: دەوڵەتی بایدێن ماوەی یەک حەفتە بە شێوەیەکی گەمژانە ئێرانییەکانی لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە و کاتی باشی پێداون کە خۆیان حەشار بدەن.
جەیمز مایک جانسۆن سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەخنەی لە کاتی ئەنجامی هێرشەکە و ئاگادارکردنەوەی پێشتری ڕێژیم لەلایەن بایدێنەوە گرتووە و ڕایگەیاندووە ناردنی ئاماژەکان و بڵاوبووونەی هەواڵەکانی پێشوەختە لەلایەن واشینگتۆنەوە، هۆشداریی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە چۆنییەتی هێرشەکان بوو.
بە بڕوای جانسۆن هێرشێک کە پێشوەختە بانگەشەی بۆ کرابێت و ئامانجەکان دیاری کرابێت، کەڵکی نییە و بێسوودە.
هەروەها تام کاتێن سێناتۆری کۆماریخواز هێرشەکانی بێبایەخ لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند: ئەمریکا دەبوو وڵامێکی جیددی و کاردانەوەیەکی هەبووایەت کە تائێستا نەبیندراوە.
کاتێن جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر بایدێن دەیهەوێت لە شەڕ لەگەڵ ئێران خۆ بپارێزێت ئەوە دەبێت وەک دوناڵد ترامپ کە قاسم سولێمانی فەرماندەی سپای قودسی کوشت یان ڕوناڵد ڕەیگان کەشتییەکی ئێرانی بکاتە ئامانج.
لەم چوارچێوەیەدا جۆ بایدێن و دەوڵەتی ئەمریکا لەلایەن چەند بەرپرس و لێکۆڵەری دیکەی ئەمریکایی سەبارەت بە کات و چۆنییەتی هێرشەکان و هەروەها ئەو شوێنانەی وا کراونەتە ئامانج بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە بوونەتەوە.
شایانی باسە کە چەند بەرپرسێکی ڕێژیم پاش هێرشەکان ڕایانگەیاند کە پێشوەختە و لەلایەن بەغدادەوە ئاگادار کراونەتەوە و فەرماندە باڵاکانیان بۆ سنووری ئێران و عێراق ڕاگواستووە.